سبەی گەورەترین کەرنەڤاڵی ریفڕاندۆم لە پایته‌خت بەڕێوە دەچێت

 	 سبەی گەورەترین کەرنەڤاڵی ریفڕاندۆم لە پایته‌خت بەڕێوە دەچێت
وابڕیارە، سبەینێ شه‌ممه‌، گەورەترین کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی لە ھەولێری پایته‌خت بەڕێوە بچێت و زۆرترین خەڵک بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی بەشداری بکەن، سەرچاوەیەکی ئاگاداریش دەڵێ، چه‌ندان ھونەرمەندی بەنێووبانگ ئامادەی کەڕنەڤاڵەکە دەبن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەرنەڤاڵی چاوه‌ڕوانكراوی ھەولێری پایته‌خت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "سبەی رۆژی شەممە لە یاریگای نێودەوڵەتیی شەھید فڕەنسۆ ھەریری، گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ پشتیوانیکردنی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و، تێیدا دەیانھەزار ھاووڵاتی لە ھەموو چین و توێژەکان و لایەنەکانی بەشدار لە ئەنجامدانی ریفڕاندۆم بەشداری له‌ کەرنەڤاڵی سبەینێدا بکەن و، ژمارەیەک ھونەرمەندی بەنێووبانگی کوردستانیش بە گۆرانی و سروودی نەتەوەیی کەرنەڤاڵەکە دەڕازێننەوە.''

سەرچاوەکە گوتیشی "ھەموو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵەکە کراوە و رێوشوێنی ئەمنیی توند گیراوەتە بەر، بۆ ئەوەی لە کەشێکی ئارامدا کەڕنەڤاڵەکە بەڕێوە بچێت، چونکە ئەوەی سبەی لە ھەولێر بەڕێوە دەچێت، جیاوازە لە چالاکییەکانی رۆژانی رابردوو، چونكه‌ ژمارەیەکی ئێکجار زۆر خەڵک بەشداری دەکەن و بە گەورەترین کەرنەڤاڵی ریفڕاندۆم ھەژمار دەکرێت.''
kdp-
Top