لە کەلار دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی BMWدا گیرا

لە کەلار دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی BMWدا گیرا
شەوی ڕابردوو لەکاتی دانانی چەند بازگەیەکی کاتیدا لە سنووری شاری کەلار، ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMW بەخێراییەکی زۆر خۆی دەکات بەنێو کارمەندانی ئاسایش و پۆلیسی ھاتوچۆدا و ھەڵدێت، دواتر ئۆتۆمبێلەکە بەجێ دەھێڵرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت.

کارزان مەجید، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی گەرمیان، ڕایگەیاند: "شەوی ڕابردوو کارمەندانی ھاتوچۆی گەرمیان و ئاسایشی گەرمیان، چەند بازگەیەکی کاتییان لەسەر شەقامی جووت سایدی کەلار - گردەگۆزینە و کەلار - رزگاری داناوە، لەکاتی ڕێنمایی و لێپێچینەوە لە شۆفێران، ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMW بەخێراییەکی زۆر خۆی کردووە بەناو کارمەندانی ھاتوچۆ و ئاسایشدا و ھەڵات".

ئەو بەرپرسەی ھاتوچۆی گەرمیان، ئەوەشی خستە روو: "دواتر ھێزێکی ھاوبەشی ئاسایش و پۆلیسی ھاتوچۆ دوای ئۆتۆمبێلەکەدا کەوتوون و لە شوێنێکدا بەجێ ھێڵراوە و سەرنشینەکانی ھەڵاتوون و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیاندا گیراوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە".













باسنيوز
Top