ئەحمەد عەسکەری: بڕیاری لادانی نەجمەدین کەریم لە پۆستەکەی بڕیارێکی سیاسی و نایاساییە
ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: "بڕیاری لادانی د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لە پۆستەکەی بڕیارێکی بەپەلەی سیاسی و نایاسایی بووە، چونکە پەرلەمانی بەغدا لە دانیشتنەکانی خۆیدا بەبێ ئامادەبوونی کوتلە کوردستانییەکان بڕیار دەردەکات".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوەشی خستە روو کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق دژی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نەشازی دەرکردوە، دواتر ھەموو کوتلە کوردستانییەکان دژی بڕیارەکە دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد.
عەسکەری گوتیشی: "بەغدا دەیەوێ بەھۆی بڕیارەکانیەوە پاڵ بە کوردەوە بنێت، بۆ ئەوەی کورد لە بەغدا بچێتە دەرەوە، بەڵام ئێمە بەبەردەوامی پشتگیری لە خۆمان دەکەین".
ئاشکراشی کرد کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا فراکسیۆنی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر بڕیاری لادانی د. نەجمەدین کەریم، پارێزگای کەرکووک لە پۆستەکەی کۆدەبێتەوە و دواتر ئێمە ھەڵوێستی خۆمان لەسەر ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنین.
دوێنی پێنج شەممە ١٤⁄٩⁄٢٠١٧ لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی کوتلە کوردستانییەکان
بڕیاری لادانی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک درا.
باسنیوز
