ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان: دژی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دەوەستنەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤⁄٩⁄٢٠١٧ ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان، دژی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق کەبڕیاریدا ڕێگری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بکرێت، کەمپینێکیان بۆ پشتگیریکردن لە ڕیفراندۆمی کوردستان پێکھێنا.
دەشتی جەمال، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان، ڕاگەیاند: "پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی 12 سێپتەمبەر بڕیارێکی بەزۆرینەی دەنگ پەسەند کردووە، کە تێیدا ڕایگەیاند دژی ڕیفراندۆمی کوردستانن، لەبەر ئەوەی نایاسایی و دژی دەستووری عێراقە، ھاوکات پەرلەمان حکوومەتی عێراق سەرپشک دەکات لە ھەر کارێک کە دژی ڕیفراندۆم بیکات، بە بیانووی ڕیفراندۆم دژی یەکپارچەی عێراقە".
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان، ئەوەشی خستە روو: "ئەم بڕیارە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دژی مافی خەڵکی کوردستانە بۆ بەرپاکردنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و بەتوندی مەحکوومی دەکەین و بەرانبەر ئەم ھەڕەشانەش دەوەستینەوە، چونکە ئەم ھەنگاوە ھەمان سیاسەتی سەدەیەکی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقە، دژی ئازادی و مافی خەڵکی کوردستان لە بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەم ھەڕەشەیەی لە پەرلەمانی عێراق کە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، ھەموو کارێک دژی ڕیفراندۆم و جیابوونەوەی کوردستان بکات، نیشانەی دوپاتکردنەوەی ھەمان سیاسەتی شەڕ و شۆڤێنی بەعس و ناسیۆنالیستی عەرەبییە کە جینۆساید و کیمیابران و ئەنفالی کردووە.
باسی لەوەش کرد: "بەھەموو شێوەیەک دژی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دەوەستینەوە، ھەرواھا بەشێوازی جۆراوجۆر بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دەکەین، چونکە ڕیفراندۆم یەکێکە لە خواست و مافەڕەواکانی خەڵکی کوردستان، بۆیە پێویستە ھەموو کوردێکی دڵسۆز بە دەنگی (بەڵێ) دەنگ بدات، بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان".
bas news-
