برێت مەکگۆرک: چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستانین

برێت مەکگۆرک: چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستانین
له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ كه‌مێك پێش ئێستا له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا ورده‌كاری ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانی ئەمریکا ، بەریتانیا و نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌گه‌ڵ بارزانی و سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی ئاشكراكرد.



مه‌كگۆرك ڕایگه‌یاند كه‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی باڵای چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ نوێنەری سکرتێری گشتیی UN و باڵیۆزانی ئەمەریکا و بریتانیا لەعێراقیش ئاماده‌ی بوونه‌ گرنگ و باش و به‌رهه‌مدار بووه‌.



نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیان به‌دیلێكیان پێشكه‌ش به‌ بارزانی و به‌رپرسانی كوردی ئاماده‌بوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كردووه‌ و ئێستا چاوه‌ڕوانی گفتوگۆی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی كوردستانن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه‌.



ڕوونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بۆ كاتێكی دیكه‌ دوابخرێت و سه‌باره‌ت به‌ ورده‌كاریی ئه‌و به‌دیله‌ی كه‌ پێشكه‌شیان كردووه‌ برێت مه‌كگۆرك ئاماده‌ نه‌بووه‌ زانیاری زیاتر بخاته‌ ڕوو.
bas news-
Top