سیوەیلی: گەلی كوردستان مافی خۆیەتی بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات

 	 سیوەیلی: گەلی كوردستان مافی خۆیەتی بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، پێشوازیی لە (زەینەب ئەلیئافا)، بەرپرسی بەشی سیاسیی باڵوێزخانەی كەنەدا كرد و، لە كۆبوونەوەكەدا (سیوەیلی) گوتی، گەلی كوردستانیش وەكو هەموو گەلانی دنیا، مافی ئەوەی هەیە، بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات.

(هۆشیار سیوەیلی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و باسی لە بڕیاری سەركردایەتیی ساسیی كوردستان بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیقراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان.

بەرپرسی پەیوەندییەكان ئەوەی ڕوون كردەوە كە، جەنابی (سەرۆك بارزانی) و پارتی دیموكراتی كوردستان مكوڕن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و، گەلی كوردستانیش وەكو هەموو گەلانی جیهان مافی ئەوەی هەیە، بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات.

(سیوەیلی) ئەوەی خستە ڕوو كە، بڕیار و هەڵوێستەكانی حكوومەتی عێراق و سیاسەتمەدارانیان، وای كردووە گەلی كوردستان بگاتە ئەو بڕیارەی كە بە شێوازێكی تر پەیوەندی لەگەڵ بەغدا دیاری بكات، بڕیارەكانی ئەم دواییەی حكوومەت و پەرلەمانی عێراق، زیاتر گەلی كوردستان هان دەدات كە ڕێگای مافی چارەی خۆنووسین بگرێتە بەر و خۆی ئامادە بكات بۆ هەر ئەگەرێك كە ڕووبەڕووی ببێتەوە.

وەك بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی گوتی: ''لێدوان و كارەكانی حكوومەت و پەرلەمانی عێراق زیاتر بەهێزمان دەكات، كە پێویستە گەلی كوردستان ڕێگایەكی دیموكراسیانە و ئازادانە بگرێتە بەر بۆ دەربازبوون لە چەوساندنەوە و چارەنووسیكی نادیار.''

لە درێژەی ئەو دیدارەدا، (سیوەیلی) بە وردی باسی لە دواهەوڵەكانی لێكنزیكبوونەوەی پارتە سیاسییەكانی كوردستان كرد بۆ چارەكردنی جیاوازییەكان و كاراكردنەوەی پەرلەمان، كە كار بۆ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و پشتگیری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەبەرخۆییی هەرێمی كوردستان بكات.

خاتو (زەینەب ئەلیئافا) سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و، ئاگاداریی خۆی لە بارودوخی نێوخۆی عێراق و كوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەیش دا كە، لە نزیكەوە چاودێریی ئەو هەوڵ و كوششانە دەكات، بۆ چارەكردنی جیاوازییەكان.

(ئەلیئافا) گوتی: ''ئیمە هانی هەموو لایەك دەدەین كە بە گفتوگۆ و لیكتێگەییشتن جیاوازییەكان چارە بكەن و، پێویستیشە حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام بن لە گفتوگۆ و، ئیمە بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوەین، پەنا بۆ هەرشتیكی تر ببرێت، جگە لە گفتوگۆ.''

(ئەلیئافا) دەربارەی باری نیوخۆی هەرێمی كوردستانیش ڕایگەیاند: ''پێویستە لایەنەكان لە ئاستی داواكاری و پێداویستیی خەڵكدا بن و لە بەرژەوەندیی ئارامی و سەقامگیریدا پێكەوە كار بكەن.''

هەردوو لایش جەختیان لە گرینگی و بەردەوامبوونی ئەم دیدارانە كردەوە، بۆ بەرژەوەندیی باڵای هەردوو گەلی كوردستان و كەنەدا.
kdp-
Top