سەرۆک بارزانی: به‌دیلێكی باشتر نه‌بێت گه‌لی كوردستان رازی بكات، ئێمه‌ ریفراندۆم دواناخەین و چی ده‌بێت با ببێت

 	 سەرۆک بارزانی: به‌دیلێكی باشتر نه‌بێت گه‌لی كوردستان رازی بكات، ئێمه‌ ریفراندۆم دواناخەین و چی ده‌بێت با ببێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتاریدا لە کەرنەڤاڵی ریفراندۆم و سەربەخۆیی زاخۆ سەبارەت بە بریتی وڵاتان بۆ ریفراندۆم رایگەیاند، ئەوان دەڵێن لەگەڵ حەقی کوردستاندان، بەڵام ترسیان لەوەهەیە کە کێشە رووبدات، ئێمەیش پێیان دەڵێین ئەگەر ئامانج بۆ دواخستنی ریفراندۆم بێ و بەدیلێکی باشتر نەبێ، ئەوا ئێمە ریفراندۆم دەکەین و چی دەبێ با ببێ.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کەرنەڤاڵی زاخۆ بۆ پاڵپشتیی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و لە دەسپێکی گوتارەکەدا بۆ زاخۆییەکان دووپاتی کردەوە کە یەکێک لە خۆشترین رۆژەکانییەتی کە ئەمڕۆ جارێکی دیکە خۆی لەگەڵ زاخۆییەکاندا دەبینێ، پیرۆزبایی یاریگاکەیشی لە زاخۆییەکان کرد و هیوای خواست کە هەمیشە شارەکانی کوردستان لە خۆشی و سەقامگیریدا بن.

(سەرۆک بارزانی) بۆ زاخۆییەکان گوتی، کە نەهاتووە بۆ ئەوەی پێیان بڵێ کە دەنگ بەسەربەخۆیی بدەن، چونکە ئێوە پێویستیتان بە کەس نییە پێتان بڵێ دەنگ بدەن، بەڵکوو بیری زاخۆییەکانی کردووە بۆیە هاتووە.
سەرۆکی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە ریفراندۆم کرد و رایگەیاند، بابەتی گرینگ ئەمڕۆ ریفراندۆمە، بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری لایەنە سیاسییەکان و گەلی کوردستانە و لایەنە سیاسییەکان مەردانە بڕیاریاندا کە لە ٢٥ی ٩ چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.

(سەرۆک بارزانی) هۆکاری بڕیاری ریفراندۆمی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە و رایگەیاند، "بۆیە ئەو بڕیارە درا هەموو رێگاکانی دیکە تاقیکرانەوە و شکستی برد، دەستوور پێشێلکرا و تەوافق و شەراکەت نەما، عێراق گەڕایەوە زۆرینەی سیاسی، زۆرینەی سیاسی دوو نمونەی رەشی خستە بەرچاوی ئێمە دەساڵ بوو خەریک بووین کە عێراق چەک و بودجە بە پێشمەرگە بدات کەچی جێبەجێ نەکرا، بەڵام بە دوو سەعات یاسای حەشدی شەعبی تێپەڕێندرا و بە ملیاران پارە خرایە بەردەستیان. دوێنێ پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی دژی بنەمای مافی گەلی کوردستان دا، ئەمڕۆیش دژی پارێزگاری کەرکووک کە هەڵوێستی نیشتمانی هەبوو، بڕیاری لادانیان بۆ دا."

(سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، "ئەگەر بەدەستی وان بێت هەموو شتێک لە ئێمە زەوتدەکەن، خۆشەویستان ریفراندۆم وەسیلەیە ئامانج نییە، ئامانجی ئێمە سەربەخۆییە و چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین، بۆ ئەوەی چیدیکە چارەنووسی ئێمە لۆزان و سایکس-پیکۆ دیاری نەکەن، ئێمە وەک گەلی کوردستان چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین."
(سەرۆک بارزانی) لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا گوتی، ئێمە زۆر هەوڵماندا کە ئەو دۆخە چارە بکرێ، بە دڵسافی چوینە بەغدا لە دوای٢٠٠٣ بەڵام ئێمە دەبینین رۆژ بە رۆژ دژایەتی کوردستان زیاتر دەبێ.

(سەرۆک بارزانی) سەبارەت بەو شاندە باڵایەی کە ئەمڕۆ لەگەڵیدا کۆبوونەوە کە لە نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا و باڵیۆزی ئەمەریکا و بەریتانیا لە عێراق و نوێنەری یوئێن پێکهاتبوون، رایگەیاند، "بەر لەوەی بێمە ئێرە وەفدێکی باڵا لای ئێمە بوون باڵیۆزی ئەمەریکا و بەریتانیا لە عێراق و نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا و نوێنەری یوئێن، گوێمان لە پێشنیاری ئەوان گرت و ئێمەش بۆچوونی خۆمان بۆ ئەوان باس کرد، ئەو دەڵێن لەگەڵ حەقی کوردستان داین، بەڵام ئێستا کات گونجاو نییە بۆ ریفراندۆم نەوەک کێشە رووبدات؟ ما چما رووبدات، چی دیکە ماوە رووبدات؟ ئێمەش دەڵێین به‌دیلێكی باشتر نه‌بێت گه‌لی كوردستان رازی بكات، ئێمه‌ ریفراندۆم دواناخەین و چی ده‌بێت با ببێت، هەتا ئەنجوومەنی ئاسایش هاتووەتە سەرخەت.
گوتیشی ئەگەر ئیرادەمان هەبێ سەربەخۆیی گرەنتییە و بەدەستدێ و سەردەکەوین.
kdp-
Top