نەجمەدین کەریم: دوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بانگەشەی گشتپرسی گەرمتر بووە

 نەجمەدین کەریم: دوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بانگەشەی گشتپرسی گەرمتر بووە
پارێزگاری کەرکووک رایدەگەیێنێت، لە پارێزگای کەرکووک هەڵمەتی بانگەشەی گشتپرسی دەستیپێکردووە و خەریکە گەرمتر دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەو رێککەوتننامەیەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتی کرا.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک بەشداری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەڤزیۆنی رووداوی کرد و باسی لە گشتپرسی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی کرد.

پارێزگاری کەرکووک دەڵێت "بڕیاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی یاسایی بە ئامادەبوونی سەرۆکایەتی پەرلەمان یان بە واژۆی ئەو ژمارەیەی کە پێویستە، داوای کۆبوونەوە بکرێت ئەوە کارێکی گرنگە و هەنگاوێکی زۆر باشە، بۆ ئەوەی نیشانی هەموو جیهانی بدەین دۆست و ناحەزیش ئەو بیانووەی کە بەتایبەتی لەلایەن ناحەزانەوە دەکرا، ئەوان هیچکاتێک پێیان خۆش نەبووە کوردستان پەرلەمانیشی هەبێت نەک هەر کۆنەبێتەوە یان کۆببێتەوە. ئەمە بیانوویەک لادەبات لەو رووەوە، هەروەها بۆ دۆستانیشمان هاوکارییان دەکات کە کوردستان پەرلەمانەکەی کۆبووەتەوە و ئەم گشتپرسییەش لە پەرلەمانیش پەسندکراوە، هەنگاوێکی زۆر گرنگ و پیرۆزە و باشتربوو زووتریش بوایە".

لەبارەی گشتپرسی لە کەرکووک، نەجمەدین کەریم دەڵێت "لە پارێزگای کەرکووک هەڵمەتی بانگەشەی گشتپرسی دەستیپێکردووە و خەریکە گەرمتر دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەو رێککەوتننامەیەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتی کرا و پەسندکردنی نەخشەڕێگای یەکێتی کە داواکاری زۆربەی لایەنەکانی دیکەیشی تێدایە وەک کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان جگە لە یەکێتی خۆی، بۆیە ئەمە زۆر زۆر گرینگ بوو".

هەر لەبارەی بۆچوونی پێکهاتەکانی کەرکووک و ناڕەزایەتی لە ئەنجامدانی گشتپرسی، نەجمەدین کەریم گوتی "ئەوانەی کە ناحەزی پرسی گشتپرسین لە 1992-یش کە پەرلەمانی کوردستان هاتەدی و حکومەتی کوردستان جێبەجێکرا، وەک شۆکێکی گەورە بوو بۆ ئەمانە ، ئەمانە قەت بەدڵیان نەبووە و قەت پەسندیان نەکردووە ، راستیش ناکەن و ئەگەر سەیریشی بکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە زمانیاندا نایەت، بەڵام خۆشبەختانە ئەمانە نوێنەری ئەو پێکهاتەیە نین، ئەمانە چەند حیزبێکن و لای خەڵکیش دیارە بە ئەجیندای خەڵکی دیکە کار دەکەن و بەرژەوەندی میللەتەکەیان لەپێش چاو نییە، چونکە خەڵکی تورکمان و خەڵکی عەرەبی کەرکووک هەموو دەزانن کە ئەو عەرەبانەی کە ئاوارە بوون و هاتوونەتە کەرکووک و ژمارەیان لە 700 هەزار زیاترە، کریستیانەکانی موسڵ و شوێنەکانی دیکە، تورکمانەکانی تەلەعفەر و موسڵ، هەموو هاتوونەتە کەرکووک ، جگە لە خەڵکی کەرکووک بە تورکمان و عەرەب و کلد و ئاشووری پێشمەرگە پاراستوویەتی و ئەگەر بۆ ئەوانە جێبهێڵدرایە کە دوێنێ دەنگیاندا لەگەڵیاندا لە پەرلەمانی عێراق دژی گشتپرسی هەرێمی کوردستان ، دۆخیان بەوشێوەیە نەدەبوو ، ئەوانیش شوێنێکی دیکەیان دەستنەدەکەوت وەک کەرکووک کە تێیایدا بحەوێنەوە".

سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کەرکووک، نەجمەدین کەریم گوتی "جەنابی سەرۆک و جەنابی جێگری سەرۆکیش هەردووکیان باسی ئەو ئەزموونانەیان کرد لە وڵاتانی جیهاندا، ئێمە نموونەی کەنەدامان هێنایەوە ، کەنەدا 7 ناوچەی فیدراڵی هەیە ، مانای وایە ئەم 7 ناوچەیە خۆیان حکومڕانی خۆیان دەکەن بەڵام لەناو ئەو حەوت ناوچەیەشدا یەکێکیان لەبەر ئەوەی پێکهاتەیەکی تایبەتیی تێدایە کە لە ویلایەتەکانی دیکەدا نییە ، حاڵەتی تایبەتی خۆی هەیە. کەرکووکیش بە هەمان شێوە دەبێت، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی کە خەڵکی کەرکووک خۆی بۆ خۆی بڕیاری خۆی دەدات و هیچ کەسێک نایسەپێنێت بەسەریەوە ، بەڵام لە هەمانکاتیشدا سەرکردایەتی کوردستان رێگە بە هیچ کەسێک نادات کە رێگر بێت لە خەڵکی کەرکووک بۆ ئەوەی داهاتووی خۆی دیاریی بکات".

لەبارەی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پێکهاتەکان، پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، ئەو لیژنەیە تاوەکو رۆژی گشتپرسی لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبێتەوە بۆ دڵنیاکردنەوەی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بە کوردیشەوە لەبارەی ئەو پرۆسەیە.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک دەڵێت "ئێمە لە کەرکووک نەوعە حوکمڕانییەکی خۆمان کردووە چونکە بەغدا رازی نەبووە بەپێچەوانەی فەرمانەکانی ئەوان ، بەڵام زۆر شتمان کردووە و لەگەڵ خەڵکی کەرکووک و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە خۆمان بەڕێوەببەین، هەر ئەوەشە کە دەبینی ئەو خزمەتگوزاری و ئەو کارانەی لە کەرکووک دەکرێت ، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو پارێزگاکانی عێراقدا، بۆیە ئێمە دڵنیایی خەڵک دەکەینەوە کە ئەزموونی خۆمان لێرە کە کراوە ئەوە بە نموونە دەهێنینەوە، لە هەمانکاتیشدا لەکاتی دانانی دەستووری کوردستان بە بەشداریپێکردنی ئەو پێکهاتانە لەکاتی نووسینی دەستوورەکە، هەموو پێکەوە داخوازی ئەوان و چۆنیەتی حکومڕانی لە کەرکووک بەشداربوونی هەموو لایەک لە حکومڕانییەکە و نوێنەرایەتی ئەم پێکهاتانە لە پەرلەمانی کوردستان، لە سەرۆکایەتی کوردستان، لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و لە هەموو فەرمانگەکانی کوردستاندا دەبێت دیاریی بکرێت، بۆ ئەوەی رەشنووسی ئەم دەستوورە کە لە پەرلەمانی داهاتووی کوردستان دەنگی لەسەر درا، دوای ئەوە بخرێتە راپرسی لەنێو ئەو پێکهاتانەشدا کە خۆشیان بەشیان دەبێت لەم دەستوورەدا".



رووداو
Top