سەرۆکی میت کار بۆ ئازادکردنی 2 کارمەندە رفێندراوەکەی لە سنووری سلێمانی دەکات
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای میت، کە لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 12/9/2017 سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، هەوڵەکانی دەست پێ دەکات بۆ ئازادکردنی ئەو دوو کارمەندە رفێندراوەی دەزگاکەی.
ماوەیەک پێش ئێستا، چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوو کارمەندی دەزگای میتیان لە شارۆچکەی دوکان لە پارێزگای سلێمانی رفاند و بەرەو قەندیل گواستیاننەوە.
دوای رفاندنی ئەو دوو کارمەندە میت لەلایەن پەکەکەوە، تورکیا بڕیاری دەرکردنی بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە ئەنقەرە دا.
بەپێی راپۆرتێکی پێشووی هەفتەنامەی (باس)، کە لە زاری سەرچاوەکانی هەفتەنامەکەوە بڵاو کراوەتەوە، یەکێتیی و دەزگا ئەمنییەکانی ئاگاداری ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا بوون لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام زانیارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە لەناو دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتییەوە گەیشتوونەتە پەکەکە، بەهۆی ئەوەی ”ئەندامانی پەکەکە لەمێژە خزاونەتە ناوی“ و بووە هۆی رفاندنی دوو کارمەندی دەزگای میت لەلایەن پەکەکەوە.
باسنیوز
