زاخۆیییەکان؛ نیشانی جیهانی دەدەین کە چەندە تامەزرۆی سەربەخۆیین

 	 زاخۆیییەکان؛ نیشانی جیهانی دەدەین کە چەندە تامەزرۆی سەربەخۆیین
بڕیارە سبەی، پێنجشەممە، لە یاریگای (بارزانی نەمر) لە سەنتەری شاری زاخۆ کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی فراوان بۆ پشتیوانیکردنی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە بچێت و ڕێکخەری کەرنەڤاڵەکەش دەڵێت، سبەی زاخۆ بۆ کوردستان و جیھانی دەسەلمێنێت، چەندە پەرۆشە بۆ سەربەخۆیی.

(شڤان شێخۆ)، ڕێکخەری کەرنەڤاڵی قەزای زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چەند ڕۆژێکە لە سنووری قەزای زاخۆ دەست بە بانگەشەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان کراوە و ڕۆژانە چەندین چالاکی بەڕێوە دەچن. بڕیارە سبەی، پێنجشەممە، لە یاریگای (بارزانی نەمر)، لە سەنتەری قەزای زاخۆ، کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی بەرفراوان بۆ پشتگیریی ڕیفڕاندۆم بەڕێوە بچێت و تێیدا خەڵکی قەزای زاخۆ بە ھەموو ڕەنگ و دەنگی جیاوازەوە، بەشداریی کەرنەڤاڵەکە دەکەن و پەیامی شاری زاخۆی کوردپەروەر بە جیھان دەگەیەنن، بۆ ئەوەی بە جیھان بڵێین، لە ڕابردوودا زۆرمان قوربانی داوە بۆ سەربەخۆیی و گەیشتن بە ئاوات، ئێستاش کاتی بڕیاردانی میللەتە.''

(شڤان شێخۆ) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە کەرنەڤاڵی زاخۆدا جەماوەرێکی بەرچاو بەشداری دەکات و ژمارەیەک گەورەھونەرمەندی ھەرچوارپارچەی کوردستان بە سروود و گۆرانیی نیشتمانی بەشدار دەبن. جگە لەوەش، چەندین چالاکیی دیکە لە چوارچێوەی کەرنەڤاڵی زاخۆدا ھەن و چۆن لە ڕابردوودا زاخۆ پێشەنگ بووە لە قوربانیدان و پێشکەشکردنی خوێنی ڕۆڵەکانیدا، بەیانیش بە ھەمان ئەندازە پێشانی کوردستان و جیھانی دەدەین، کە زاخۆیی چەندە پشتگیریی ڕیفڕاندۆم دەکەن.''
kdp-
Top