گوتەبێژی یەکگرتوو: بەشداریی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەین
هادی عەلی، گوتەبێژی یەکگرتوو دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی پارتی دیموکرای کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبەکەی، لە کۆنگرەیەکیدا رایگەیاند، ”پێویستە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەن“.
هادی عەلی هەروەها رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی حزبەکەی لەگەڵ شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی ”تا راددەیەکی باش“ هەڵوێست و تێڕوانینەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان یەکیان دەگرتەوە.
گوتەبێژی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەش کرد، کە فراکسیۆنی حزبەکەی بەشداریی لە کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
پێشتر ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا رایگەیاند، کە رۆژی پێنجشەممە 15/9/2017 پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات.
باسنيوز
