ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: گۆڕان دوا وەڵام لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەداتەوە

 ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: گۆڕان دوا وەڵام لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەداتەوە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان دوا وەڵامی خۆی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوە و ئاشکرای کرد کە ئەمریکییەکان بۆ ئەو بابەتە هاتوونەتە سەر هێڵ.



د. ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند، پارتی بڕیاری خۆی داوە، هەروەها مەکتەبی سیاسیی پارتی لەگەڵ یەکگرتوو و یەکێتی کۆبوونەوەی کردووە و باسیان لە چۆنیەتیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کردووە.



ئەوەشی ڕوون کردەوە، بزووتنەوەی گۆڕان ماوە کە ئێستا خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەکە لەگەڵ ژوورەکانیان دیراسەی ئەو بابەتە دەکەن و کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن. گوتیشی: ”ئەمڕۆ گۆڕان دوا بڕیاری خۆی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەدات، ئەگەر بەشداری لە کاراکردنەوەکەدا نەکات، ئەوا سبەی پێنجشەممە 14ی ئەیلوولی 2017، بەبێ ئەوان، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت“.


ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دووپاتی کردەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ گۆڕان دوا وەڵامی خۆی لەمبارەیەوە دەداتەوە. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەمریکییەکان لەسەر هێڵن و چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە و چاویان بە لایەنەکان کەوتووە.







باسنيوز
Top