گۆڕان و کۆمەڵ بەڵێنی بەشداریکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بە ئەمریکییەکان دەدەن
سەرچاوەیەکی سیاسیی باڵا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 12/9/2017 و پاش کۆتاییهاتنی دوو کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکێتی لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ، شاندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ئێستا لە هەرێمی کوردستانن، بە جیا سەردانی گۆڕان و کۆمەڵیان کردووە و لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە داوایەکیان پێشکەش کردوون.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە دوای گفتوگۆکانیان، گۆڕان و کۆمەڵ بەڵێنیان بە ئەمریکییەکان داوە کە بەشداری لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەن، بەڵام هەردوو لایەنەکە داوایان کردووە، پۆستەکانی سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانی کوردستانیان لا بمێنێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندان کۆبوونەوە بە مەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی پێنجشەممە 14/9/2017 ئەنجامدراوە، تاوەکوو گۆڕان و کۆمەڵیش بەشداری لە کاراکردنەوەکەدا بکەن. بەرپرسانی پارتی و یەکێتی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر لەمەدا بەشداری نەکرێت، ئەوا پەرلەمان بەبێ ئەو دوو لایەنە کارا دەکەنەوە.
باسنيوز
