بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن: سیاسەتی شکستخواردووی بەغدا بووە ھۆی سەرھەڵدانی تیرۆر
نەزھەت حالی، بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی ھەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (زەمان)ی لوبنانیدا رایگەیاندووە، موسڵمانان بە گشتی و کورد و سوننە بە تایبەت زەرەرمەندی یەکەمی پیلان و داگیرکارییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوون.
نەزھەت حالی ھەروەھا رایگەیاندووە، کە سەرکردایەتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕەکانی دژی داعشدا، کاریگەرییەکی گەورەی ھەبوو لە سەرکەوتن بەسەر ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە.
ھەروەک بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاژانسەکە بە ئیمکانیاتی کەم و سنووردار توانیویەتی بەردەوام شکست بە ھەوڵە تیرۆریستییەکان بە تایبەت ھەوڵەکانی داعش بھێنێت.
نەزھەت حالی ھیوای خواستووە دوای سەربەخۆبوونی ھەرێمی کوردستانی عێراق، پەیوەندیی دەوڵەتی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ باش و سەقامگیر بێ، چونکە کوردستانی سەربەخۆ لە بەرژەوەندیی ئێران، عەرەب و تورک دایە. "ھیوادارین لێمان تێ بگەن، کوردستان نابێتە ھەڕەشە بۆیان".
حالی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لە دەوڵەتی کوردستاندا مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، کە بە یاسا مافە سیاسی و کولتورییەکانیان پارێزراوە، ھاوشێوەی ئەزموونی رابردووی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان، دەپارێزرێت و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەش بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ھەرێمی کوردستان ھەموو بنەمایەکی بوون بە دەوڵەتی تێدایە و توانای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی ھەیە، کە نزیکەی چوار ساڵە و بە بڕیاری نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بەشەبودجەی کوردستان بڕدراوە و "زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەشمان لەخۆ گرتووە".
نەزھەت حالی پێی وایە دروستبوونی تیرۆر بە گشتی و سەرھەڵدانی داعش بە تایبەت بەھۆی حوکمڕانییەکی شکستخواردوو بوو لە عێراق، کە ھێرش و داگیرکارییەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بووە ھۆی شەھیدبوونی 1778 پێشمەرگە و برینداربوونی 10157 پێشمەرگەی دیکە، جگە لە رفاندن و کڕین و فرۆشتن بە کچانی کورد لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوەوە، کە "قووڵترین و خراپترین برین بوو بۆ گەلی کوردستان".
حالی ئاماژەی بە بوونی زەمینەی فراوانتر بۆ پەیوەندیی نێوان کوردستان و عێراق کردووە دوای سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی عێراق و رایگەیاندووە، ئەگەر بنەماکانی لێک تێگەیشتن و رێز ھەبوو لەنێوان دەوڵەتی کوردستان و عێراق، "داھاتووێکی رووناک دەبینم لە پەیوەندییە ئابووری، گەشتیاری، ئەمنی و ھەواڵگرییەکانمان".
بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی ھەرێمی کوردستان ئومێدی خواستووە دەوڵەتانی عەرەبی پشتیوان و ھاوکار بن بۆ سەربەخۆیی کوردستان و لە وڵاتە یەکەمینەکان بن، کە دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا دەنێن، چونکە "لە عێراقدا، کە زۆرینە عەرەب و موسڵمانە، جینۆساید کراین، چەکی کیمیاویمان لە دژ بەکارھات و کڕین و فرۆشتن بە کچانمان کرا".
نەزھەت حالی بە ئاماژەکردن بەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی عێراق یاسایی و دەستوورییە، رایگەیاندووە، حکوومەتەکانی عێراق لە دوای 2003ـەوە پابەندی رێککەوتنەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نەبووە، لە شەڕی دژی تیرۆر ھیچ ھاوکارییەکی پێشمەرگەی نەکردووە و بەشەبوبجە و قوتی خەڵکی کوردستانیشی بڕی.
بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی ھەرێمی کوردستان ھۆشداریی داوە لەوەی ھەر ھەوڵێکی میلیشیا چەکدارییە عێراقییەکان بۆ دروستکردنی کێشە لەگەڵ گەلی کوردستان و ھەوڵدان بۆ رێگریکردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی، "کاریگەریی نەرێنی لەسەر ھەموو لایەک دەبێ".
ھەروەک نەزھەت حالی رایگەیاندووە، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دەدات، ناتوانێ چاوەڕێی داھاتووێکی نادیار بکات، چونکە "ھەر کاتێ حکوومەتەکانی عێراق بەھێزبوونەتەوە، ھێرشیان کردووەتە سەر گەلی کوردستان“.
باسنیوز
