سوپای پاسداران 44 سەر ئاژەڵی جووتیارێکی سیدەکان دەڕفێنێت

 سوپای پاسداران 44 سەر ئاژەڵی جووتیارێکی سیدەکان دەڕفێنێت
بە گوتەی ئاژەڵدارێکی دەڤەری سیدەکان، چەکدارانی سوپاسی پاسداران لە سنوری سیدەکان و لەناو خاکی هەرێمی کوردستان 44 سەر ئاژەڵ (مانگا)یان دەست بەسەردا گرتووە و بردوویانەتە شاری نەغەدە لە دانەوەی خۆ دەبوێرن.



لەمبارەوە مەلا ئیسماعیلی برادۆستی، لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: لەگەڵ براکانی جەلال و عەبدولجەبار و عەبدولستار لە گوندی "ئاڵانە"ی سەر بە ناحیەی سیدەکان 44سەر (چێل و مانگا)مان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە ناوچەی "دۆڵەمەیدان" نزیک بە کێلەشینی هاوسنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێ دزراوە و ماوەی زیاتر لە چل ڕۆژە هیچ وەڵاممان نادەنەوە".



ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوەش کرد بەهای ئەو 44 سەر مانگایە بە نزیکەی 50 هەزار دۆلار دەخەمەڵێندرێت.



مەلا ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کرد هەر دوو ڕۆژ دوای ڕووداوەکە دوو برام لەڕێگەی پەیوەندیدارەکان و بە هاوکاریی کۆنسووڵگەریی ئێران لە هەولێر ناردە نەغەدە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مەڕ و ماڵاتانە و دوای 12 ڕۆژ هیچ وەڵامێکیان نەداوینەوەتەوە و سەرەڕای دانی بەڵێنی هێشتا ئێمە هەر چاوەڕێین".



ئەو ئاژەڵدارە چۆنیەتیی ڕووداوەکەی بەمجۆرە بۆ (باسنیوز) گێڕایەوە: "رۆژی هەینی کاتژمێر ٥ی ئێوارەی 2017/8/4 ئاژەڵەکانمان لەبەر نەبوونی لەوەڕگە لە "سیا کێوی" هاوینە هەواری "مێرگە دووکان" کە بەس بنەماڵەی من و براکانم لێ نیشتەجێن نزیک بنکەی سوپای پاسداران کۆماری ئیسلامی ئێران لەوبەری سنوورەوە دەبنەوە و دوای ماوەیەک پاسەوانەکانی ئێران دەست بەسەر ئاژەڵەکانماندا دەگرن و نایاندەنەوە و پێمان دەڵێن ڕۆژی "شەممە ٥ی" مانگ کە دەکاتە ڕۆژی دوای ڕووداوەکە برۆن لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە سنووری حاجی "عومەران" ئاژەڵەکانتان بە هاوکاری دەسەڵاتدارانی هەرێمێ کوردستان وەربگرنەوە، بەڵام تا هەنووکە خۆم و براکانم هەر چاوەڕێی هێنانەوەی ئاژەڵاکانمان دەکەین و هەندێک لە گوێلکەکانی ئەو چێلانەش بێ شیر ماون و بە دەست شیریان پێ دەدەین".



مەلا ئیسمایل لە درێژەدا گوتیشی: "زیاتر لە ٤ جار چووەتە کۆنسووڵخانەی ئێران لە شاری هەولێر و لەگەڵ کوونسووڵ و بەڕێوەبەران ڕاستەوخۆ قسەم کردووە و پێیانی گوتووە کە ئاژەڵەکانی بە ئاگاداریی "جەعفەری" کە بەرپرسی ئەو مەقەڕەیە و سەر بە هێزی قەرارگەی "هەمزە"ی سەر بە سوپای پاسدارانە گوازراونەتەوە بۆ شاری "نەغەدە"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام کۆششەکانی تا ئێستا بێ ئاکام ماونەتەوە".



ساڵانە چەکدارانی سوپاسی پاسداران لە ناوچە سنوورییەکان جیا لە پێشگێری لە کۆڵبەر و کاسبکارانی هەر دوو بەشی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات، زۆر جار بە بیانووی نزیکبوونەوە لە بنکە و بارەگاکانیان دەست بەسەر ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتی ئاژەڵدارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەگرن و وێڕای بەدواداچوونی خاوەنەکانیان هیچ وەڵامێکیان پێ نادرێتەوە.







باسنیوز
Top