به‌یتوجان داوای پاسپۆرتی كوردستان له بارزانی ده‌كات
به‌یتوجان هونه‌رمه‌ندی ناوداری كوردستان خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێ كه پاسپۆرتێكی كوردی له گیرفان بێت له بری پاسپۆرتی وڵاتێكی تر.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه له كوده‌تایه‌كه‌ی ساڵی 1982 زیندانی كرا و ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆر درا، بۆیه كاتێك له زیندان ئازاد كرا له ئیسته‌نبۆڵ گیرسایه‌وه و له‌وێ له‌گه‌ڵ ئۆرهان گه‌نجه‌بای و سه‌لام شاهین درێژه‌ی به كاری هونه‌ری دا. به‌ڵام ئه‌و نه‌یتوانی ته‌نیا گۆرانی به توركی بچڕێ، بۆیه به‌ره‌و نه‌مسا كۆچی كرد و بووه هاووڵاتی ئه‌و وڵاته.
وه‌كو خۆی له‌م دیمانه تایبه‌ته‌یدا باسی لێوه ده‌كات، كاتێك له توركیا گۆرانی چڕیوه و ویستوویه‌تی وشه‌ی كوردستان به‌كار بهێنێ، پێیان گوتووه ئه‌و وشه‌یه بكه به گوڵستان، بۆیه ئه‌ویش نیگه‌ران بووه به‌و هه‌ڵویسته‌ی حكوومه‌تی توركیای ئه‌وكات.
به‌یتوجان باس له یادگارییه‌كی خۆی ده‌كات له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێ "كاتێك بارزانییم بینی و له‌گه‌ڵی دانیشتم، پێم گوت ده‌مه‌وێت پاسپۆرتێكی كوردیم هه‌بێت و ناوی پاسپۆرتی كوردستان بێت؟ بارزانیش پێی گوتم هه‌رگیز ئه‌و داوایه‌ت له بیر ناكه‌م".
به‌یتوجان ئاماژه ده‌دات كه تاوه‌كو ئێستە نه‌یتوانیوه پاسپۆرتی كوردستانی هه‌بێت، به‌ڵام گه‌شبینه به‌وه‌ی له‌مه‌ودوا ده‌یبێت و ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر پاسپۆرتی وڵاتی خۆت و ناسنامه‌ی وڵاتی خۆت نه‌بێت، واتا تۆ هیچ نیت و هیچت نییه.
ئه‌و له‌باره‌ی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ "ئه‌م هه‌نگاوه هه‌نگاوێكی گرنگه و جدییه، هه‌موو دنیایش ریفراندۆمێكی له‌و شێوه‌یه‌ی ده‌وێت، چونكه ده‌بێته ده‌سپێكێكی گرنگ بۆ كورد. بۆیه لێره‌وه ده‌مه‌وێت سوپاس و پیرۆزبایی له هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م بۆ ئه‌و هه‌نگاوه گه‌وره‌یه. گه‌ر ببینه ده‌وڵه‌ت ده‌بینه خاوه‌نی هه‌موو شتێك و له هه‌موو روویه‌كه‌وه وه‌كو كورد مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن كه ئه‌مه‌یش خه‌ونێكی گه‌وره‌یه".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان تا چه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر هونه‌ر ده‌بێت؟ له‌و باره‌یه‌وه به‌یتوجان ده‌ڵێ "بە دەوڵەت ده‌بینه خاوه‌نی كلتوور و ناسنامه‌ی خۆمان، ئیتر به ناوی هیچ وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تره‌وه به‌شداری هیچ فێستیڤاڵێك ناكه‌ین و به‌ناوی خۆمانه‌وه به‌شداری تێدا ده‌كه‌ین و هونه‌ره‌كه ده‌ناسێنین. ره‌نگه ته‌مه‌نی من ئه‌وه نه‌بینێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و هه‌نگاوه نزیكیش ببینه‌وه دڵخۆشیم پێ دەدات. منداڵه‌كانمان له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردیدا بژین گرنگه و جێی خۆشی ئێمه‌یه. بۆیه ده‌ڵێم خوا رێگاتان رۆشن كات و بگه‌نه سه‌ركه‌وتن (به گریانه‌وه ئه‌و قسه‌یه‌ی كرد)".
به‌یتوجان هیوا داخوازێت كه رۆژی 25ی ئه‌یلوول كه رۆژی ریفراندۆمه بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان له كوردستان بێت و سه‌یری ئه‌و جۆش و خرۆشییه‌ی خه‌ڵك بكات كه چۆن ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ده‌ن.
ئه‌و ده‌ڵێت: "ئیدی با گه‌نجه‌كانمان ئازاد بن و به ئازادی بژین".
bas news-
