"تكايه‌ هەموو جیاوازيیەکان بخەنە ئەولاوە تکایە یەكدەنگ بن"



له‌ چوارچێوه‌ی په‌یامێكدا ژماره‌یه‌ك پارت و لایه‌نی سیاسی له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان پشتگیری خۆیان بۆ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی عێراق بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.



په‌یامه‌كه‌ وێنه‌یه‌كی نێردراوه‌ و له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌"تکامان لە گەلی کورد لە باشووری کوردستان ئەوەیە کە بەدەنگ بانگەوازی حزب و رێکخراوە سیاسیەکانی کورد و کوردستانیەوە بچن سەبارەت بەپرسی ریفراندۆم، وە پێیان دەڵێین تکایە هەموو جیاوازیەکان بخەنە ئەولاوە، تکایە یەكدەنگ بن وە ڕۆژی ٢٥ ئەیلول بە یەك دەنگ و ڕەنگەوە بکەنە ڕۆژی وەدیهاتنی خەونی سەد ساڵەی گەلی کورد، وە بە بەلێ پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن".



ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:-

هاونیشتیمانە بەڕێزەکان

پێشمەرگە ئازا و چاو نەترسەکان

پتر لە چارەگە سەدەیەك لە تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێپەڕیوە. لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و پڕ کێشە و پڕ دوژمنی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆر ئاستەمە مۆدێلێکی تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو لە دیموکڕاسی رێژەیی، ئاوەدانی، فرە حیزبی، فرە گەلی، فرە ئایینی، فرە چاپەمەنیی، فرە میدیایی- کە دەیان کەند و کۆسپی لەبەر دەمبووە و هەیە- دروست بکرێ.

ئەو حکوومەتە هەرێمە دیفاکتۆیە بە بڕوای قووڵ بەدەستەکەوتەکانی و دیاری کردنی مافی چارەنووسی، نزیکەی ٤٨ ساڵ لە دوای رێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، بە بڕیاری زۆربەی حیزبەکانیی کوردستانیدەرفتێکی نوێی خوڵقاند و ٢٥ ی ئەیلولی٢٠١٧ ی کردە رۆژێکی میژوویی دیکەی نەتەوەیی.

ئێمە وەك ژمارەیەك لە حیزب و رێکخراوەکان لە چوار پارچەی کوردستان کە لە بریتانیا لە ژێر ناوی کۆمیتەی پارتە سیاسیەکان بۆ پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان چالاکی ئەنجام دەدەین؛ وێرای پشتیوانی لەو هەنگاوە مەزنەی بۆ سەربەخۆیی باشووڕی هەرێمی کوردستان، دەڵێین:

١. کاتێک لە ماوەی کەمتر لە ٥ مانگ لە دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەسەر دەستی قازی محمدی پێشەوا ئاڵای کوردستان هەڵکرا و کۆماری کورستان راگەیەندرا.

٢- کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئیلهام لە کۆمار و لە ژێر سێبەری دەستەکەوتەکانیدا و لە گەرمێنی ئەوکات لەسەر دەستی جەنەڕال بارزانی نەمر دامەزرا.

٣- کاتێک کوڕی لەدایکبووی ژێر ئاڵای کۆمار لە مەهابادی پایتەخت کاك مەسعود بارزانی بۆتە سەرۆکی هەرێم و بەدروستی و بە حیکمەت و لێهاتوویی تا ئێستا توانیویەتی باڵانسی هەموو جیاوازیەکان لە باشور ڕابگرێت، وە فەرماندەیی پێشمەرگەی پڕ لە شانازیشی کردوە کە بە یارمەتیی هاوپەیمانان ترسێنەرترین هێزی بیر ڕەشی دڵڕەقی تێڕۆریستی ئەمڕۆی جیهان، یانی داعیشی تووشی گەورەترین شکست کرد؛ ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە گەلی کورد لە باشور بگاتە مافە ڕەواکانی کە دەیەها ساڵ خەباتی بۆ کردووە، وە سەدەها هەزار شەهیدی لە پێناودا داوە.

لێرەشەوەداواو تکامان لە گەلی کورد لە باشوری کوردستان ئەوەیە کە بەدەنگ بانگەوازی حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی کوردو کوردستانیەوە بچن سەبارەت بەپرسی ریفراندۆم، وە پێیان دەڵێین تکایە هەموو جیاوازیەکان بخەنە ئەولاوە، تکایە یەكدەنگ بن وە ڕۆژی ٢٥ ئەیلول بە یەك دەنگ و ڕەنگەوە بکەنە ڕۆژی وەدیهاتنی خەونی سەد ساڵەی گەلی کورد، وە بە بەلێ پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن.

با ئەمجارەش سەکۆی بەشکۆی کۆمارێکی نوێ، لەو رۆژە دا، پاداشت بۆ خوێنی شەهیدان و فیداکارانی رێی ئازادی و مافی نەتەوەیی لەهەر چوار بەشی کوردستان بێ.

سەرکەوێ رێفڕاندۆم و گشتپرسی لە باشوڕی کوردستان.

بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشور

ئاشتی و ئارامی، پێشکەوتن و دامەزران و سەقامگیری کۆماری نوێی باشووڕی کوردستان بە یەکگرتوویی و هەست بە بەرپرسایەتیی هەمووان، وەدی بێ.

پارتی دیموکراتی کوردستان

حیزبی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان/سوریا

پارتی ماف و ئازادی باکوور

پارتی شەپیلا پاشەرۆژی کوردی لە سوریا

پارتی سۆشیال دێموکراتی کوردستان

پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سوریا

پارتی یەکێتی کورد لە سوریا

کۆمکار

پارتی دیموکراتی پێشڤەڕۆی کوردی لە سوریا



bas news-
Top