"ئەوانەی لە بیابانەكانی عێراق و سەردەمی شاڵاوی ئەنفالدا كۆچی دواییان كردووە بە شەهید هەژمار دەكرێن"

ئەوانەی كە لە ساڵی 1975دا و لە سەردەمی شاڵاوی ئەنفال لە بیابانەكانی عێراق كۆچی دواییان كردووە، بە شەهید هەژمار دەكرێن و مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.

(ڕێبوار ڕەمەزان)، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''سەرەڕای قەیرانی دارایی، كچ و كوڕی شەهید و ئەنفالەكان، ئەوانەی لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەخوێنن، كرێی خوێندن و كرێی هاتوچۆیان پێ دەدرێت، بۆ ساڵی ئایندەش ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت. بۆ كوڕان و كچانی شەهیدانی شەڕی داعشیش هەمان شتە. هەروەها پارە بۆ هەندێك حاڵەتی پێویست، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی نەخۆشن، خەرج دەكرێت، لەگەڵ ئەوەی بە بڕیارێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو هاووڵاتییانەی لە ساڵی 1975 و ساڵانی دیكەی سەردەمی شاڵاوی ئەنفال و ڕاگواستنی زۆرەملێ لە بیابانەكانی عێراق كۆچی دواییان كردووە بە شەهید هەژمار دەكرێن، کە تۆماركردنیان بە تۆماری نوێی شەهید و لە لیستی شەهیدانی ڕێگای نیشتمان دەبێت، بە مووچەیەكی مانگانە، كە لە (250000) دووسەد و پەنجا هەزار دینارەوە دەست پێ دەكات، تا شەهیدانی سەنگەر بە پێی دوا پلەی شەهید.''

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی بارزان گوتیشی: ''هەموو ئەوانەی پێشووتر فۆڕمی تۆماری نۆی و كاروبارە یاسیایییەكانیان تەواو كردووە، پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كردوون، ناویان گەڕاوەتەوە و مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە، 600 فایلی دیكەش لە وەزارەتن، مانگانە ڕێژەیەك لەوانە ناویان دەگەڕێتەوە و كەسوكاری ئەوان مووچە وەردەگرن. ئەوانەی تا ئێستاش سەردانی ئێمەیان نەكردووە، با بە زووترین كات سەردانمان بكەن بۆ تۆماركردنی قوربانییەکانیان لە لیستی تۆماری نوێی شەهیدانی كوردستاندا.''
kdp-
Top