موسەننا ئەمین: ئەمڕۆ تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژی پەرلەمانی عێراق وەستانەوە
(د. موسەننا ئەمین)، سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ ھەموو فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ھاتینە دەرەوە و بڕیاری پەرلەمانمان دەربارەی پرسی ڕیفڕاندۆم ڕەت کردەوە، چونکە بە شێوەیەکی نایاسایی و بەپێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆوە بڕیارەکەیان ھێنابووە نێو پەرلەمان، لەکاتێکدا نیسابی یاسایی تەواو نەبوو، کە دوای دەرچوونی کورد نیساب نەمابوو. ئێمە ھەموو ڕێکارێک دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بڕیارەکە ھەڵوەشێنینەوە، ھەر ئەمڕۆ بەیاننامەیەکمان داوەتە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و پێمان ڕاگەیاندوون، پێویستە ھەڵیبوەشێننەوە، چونکە پێش ئەوەی بڕیارەکە بێتە نێو پەرلەمان و دانوستانی لەسەر بکرێت، دەبێ بە تەوافوق بڕیارەکە بنووسرێتەوە و پرس بە کورد بکرێت، لەبەر ئەوەی پەیوەندیی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، وەک پێکھاتەیەکی سەرەکیی عێراق، بەداخەوە سەرۆکی پەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکە چاوبەستیی لە پەرلەمانتاران کرد، بەبێ ئەوەی ھیچ دانوستانێکی لەسەر بکرێت، تەنانەت ڕێگەی نەدا پەرلەمانتارانی کورد لە ھۆڵی پەرلەمان بچنە دەرەوە.''
سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: ''بە بۆچوونی ئێمە ئەمە کارێکی نایاسایی بوو، کە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کردی، لە چەند ڕوویەکەوە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقە و بڕیارێکی ناشیرین و ئەزموونێکی ھەڵەیە، کە لە بڕگەیەکدا داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بە حوکمی ئەوەی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانە، ھەموو کارێک بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم بکرێت. تەنانەت من لە ھۆڵی پەرلەماندا دەنگم بەرز کردەوە و گوتم ئەمە ڕاگەیاندنی شەڕە دژی ھەرێمی کوردستان، بە ھەموو شێوەیەک بڕیارێکی نادەستووری و ھەڵەیە و لە عەقڵێکی نادیموکراسییەوە ھاتووەتە دەرەوە، کە باوەڕی بە چەک و ھێزی چەکدار ھەیە.''
(موسەننا ئەمین) گوتی: ''ئێمە داوامان کردووە بڕیارەکە ھەڵبوەشێتەوە و ئەگەر بڕیارێکی دیکە ھەیە پێویستە بە تەوافوق بکرێت، ھیچ بڕیارێک بەبێ دانوستان قبووڵ ناکەین، دەبێ حکوومەتی عێراق خۆی پڕۆژەبڕیارێک بنێرێت، نەک ژمارەیەک پەرلەمانتار بابەتێکی وەھا باس بکەن، دەستووریبوون و نەبوونی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە مەحکەمەی دەستوورییەوە ھەیە، نەک ئێمە لە پەرلەمان بڕیار بدەین، ڕیفڕاندۆم دەستوورییە، یان دەستووری نییە.''
دەربارەی ھەڵوێستی کۆمەڵ و گۆڕان و جێبەجێکردنی بڕیارەکە، (د. موسەننا ئەمین) دەڵێت: ''ھیچ ترسێکمان لەو بڕیارە نییە، تەنیا ترسمان لەوەیە سبەی دەستەڵاتی جێبەجێکردن کاری لەسەر بکات و باجەکەی ھەموو خەڵکی عێراق بیدات، ئێمە تەنیا لەو ڕووەوە نیگەڕانین، ئەگەرنا لە ڕووی یاسایییەوە بڕیارێکی بەتاڵە و، ھەڵوێستی ھەموو فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانیش یەک بوو، تەنانەت کۆمەڵی ئیسلامی و گۆڕانیش لەگەڵ ئێمە ھاتنە دەرەوە لە ھۆلی پەرلەمان.''
kdp-
