دەلۆ: لەسەر ڕێنماییی سەرۆک بارزانی دڵنیایی دەدەینەوە پێکھاتەکانی کەرکووک، کە مافیان پارێزراو دەبێت

دەلۆ: لەسەر ڕێنماییی سەرۆک بارزانی دڵنیایی دەدەینەوە پێکھاتەکانی کەرکووک، کە مافیان پارێزراو دەبێت
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە گرینگیی پێکەوەژیان لە کەرکووک دەکات و دەڵێت، (سەرۆک بارزانی) دڵنیاییی دایە هەموو پێکهاتەکان، کە دەبێ برایەتیی یەکتری بپارێزن.

ئەمڕۆ (سەرۆک بارزانی) و شاندێکی یاوەری گەیشتنە کەرکووک و دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پێکهاتەکانی ئەو شارە، دواتر نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان پێشنیار و سەرنج و بۆچوونەکانیان خستە ڕوو. (سەڵاح دەلۆ)، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو دیدارە بۆ ئەوەیە، کە زیاتر دڵنیایی بدرێتە پێکھاتەکانی شارەکە و ئەوانیش بەپەرۆش بوون بۆ ئەو دیدارە، چونکە بە سەرنج و پێشنیاری نوێ قسە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان کرا و (بارزانی) جەختی لەوە کردەوە، کە داهاتووی کوردستان، داهاتووی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان دەبێت و دەبێ مافەکانیان پارێزراو بێت.''

(سەڵاح دەلۆ) ئاماژەی بەوەش دا: ''دڵنیایی دەدەینەوە پێکھاتەکانی کەرکووک، کە لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستاندا مافیان پارێزراو دەبێت و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێنماییی (سەرۆک بارزانی)مان هەیە.''

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی باسی لەوەش کرد: ''دەبێ حکوومەتی عێراق دڵنیا بێتەوە لەوەی کە خەڵکی شاری کەرکووک بڕیاری خۆیان داوە و بەشداری لە ڕیفراندۆمدا دەکەن و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە دەبێ ئارامیی ئەو شارە پارێزراو بێت، ئەو ئەرکەی لەسەر شانی پێشمەرگەیە ئەرکێکی پیرۆز و گرینگە و، دەبێ بە چاوی ڕێزەوە تەماشای ئەو هەوڵانە بکرێت.''
kdp-
Top