سەرۆکی فەخریی پەرلەمانی پۆڵۆنیا پشتگیریی خۆی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان ڕاگەیاند
لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لە پەرلەمانی پۆڵۆنیا، (کۆرنێڵ مۆراڤێچکی)، سەرۆکی فەخریی پەرلەمانی پۆڵۆنیا و، پەرلەمانتار و سەرۆکی گرووپی ''ئازاد و پشتیوانەکان''، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان ڕاگەیاند.
(کۆرنێڵ مۆراڤێچکی) باسی ڕۆڵی گرینگی کوردی کرد لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش و توندڕەوەکاندا و، ئاماژەی دا، کوردستان مۆدێلێکی سەرکەوتووی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکانە، کە ئەمڕۆ زۆر پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمیش ئاماژەی دا، دوای سەد ساڵ لە ئەزموونی سەخت و پڕ لە تراژیدیای کورد لە چوارچێوەی عێراقدا، دەسەڵاتی کوردستان گەیشتە ئەو بڕوایەی ئیتر ناکرێ لە وڵاتێکدا بمێنینەوە، کە بەئاشکرا و بێ سڵەمینەوە دەستووری عێراق و هەموو ڕێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن پێشێل دەکات. لەبەر ئەوە کورد هەنگاو دەنێت بە ئاراستەی دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆدا، کە دەبێتە هۆی سەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان. هەروەها دەبێتە پارتنێرێکی گرینگی ئابووری بۆ ڕۆژئاوا و وڵاتانی هاوپەیمان. (زیاد ڕەئووف) بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند: ''ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەموو ناوچەکانی کوردستانی عێراق ئەنجام دەدرێت. دوای ئەنجامی پۆزەتیڤی ڕیفراندۆم، کوردەکانی عێراق دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان و، هەروەها لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت. بۆیە داوای لە هەموو سیاسەتمەدارانی پۆڵۆنیا کرد، پشتگیری سەربەخۆییی کوردستان بکەن، بەتایبەتی کە پۆڵۆنییەکان میللەتێک بوون، زیاتر لە 100 ساڵ وڵاتەکەیان لە ژێردەستی داگیرکەراندا بوو.''
دوای کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکە (زیاد ڕەئووف) گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتار و ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی سەر بە پارتە جیاوازەکان ئەنجام دا، کە داوای لێ کردن بۆ پشتیوانی و هاوسۆزینواندن بەرانبەر بە پرسی کورد.
کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانی لە پەرلەمانی پۆڵۆنیا، یەکێکە لەو هەڵمەتە سیاسی و ڕۆژنامەوانییانەی نوێنەری حکوومەتی هەرێم بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پۆڵۆنیا ئەنجامی دەدات. (زیاد ڕەئووف) چەند دیدارێکی تری ئەنجام داوە لەگەڵ پەرلەمانتاران و سەرۆکی فڕانسیۆنەکان و لەپێناو پرسی نەتەوەیی کورد لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووریدا لۆبیی پێک هێناوە، هەروەها زنجیرەیەك دیمانەی تەلەڤزیۆنی و ڕۆژنامەوانیی ئەنجام داوە و ئەو هەڵمەتەش لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت.
kdp-
