شارەزایان: بڕیاری پەرلەمانی عێراق کاریگەریی لەسەر ڕیفڕاندۆم نابێت
دکتۆر (سەباح سوبحی)، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان لە بەرانبەر عێراقێکی لاوازدایە، ھەتا ئەمڕۆ دواپڕۆژەی (دۆنالد تڕەمپ)، سەرۆکی ئەمریکا ئەوە بوو، کە ڕژدتر بێت لە بەرامبەر ئێران و ئەو گرووپانەی کە ئێران لە عێراق و سووریا پشتگیریان دەکات، ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازبوون دەچێت، چونکە دەوڵەتی مەزھەبیی ھەیە و ھەموو دامودەزگەکانی حوکم لە عێراقدا فەشەلیان ھێناوە، بەڵام ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆی نییە، حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی نەماوە، بەڵکوو لە لایەن میلیشیاوە بەڕێوە دەبرێت.''
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''تەنیا دەزگا، کە لە عێراقدا ڕۆڵی ماوە، پەرلەمانە، لەبەر ئەوە عێراق دەیەوێت لە ڕێی پەرلەمانەوە زۆرینە بەسەر کەمینەدا بسەپێنێت و چەندین بڕیار دەربکات، بەڵام بڕیارەکانی جێبەجێ ناکرێن و لە ڕووی یاسایییەوە ھێزێکی ئەوتۆی نییە، ھەتا بینیمان دەربارەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاری کەرکووک پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکرد، بەڵام بڕیارەکە فەشەلی ھێنا و کاری پێ نەکرا، لەبەر ئەوەش، پێم وایە بڕیاری ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بە دەردی بڕیارەکانی پێشووی دەچێت و جێبەجێ ناکرت.''
(موئەیەد تەییب)، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیاری ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ھیچ بەھایەکی یاسایی نییە و سەرناگرێت، چونکە بە شێوەی تەوافوق دەرنەکراوە و، ئەگەر کورد وەک پێکھاتەیەکی سەرەکیی عێراق حیسابی بۆ نەکرێت، ڕێگە نادات ئەو بڕیارانە بەسەریدا تێپەڕن، بەتایبەتی ئەو بڕگەیەی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، دەستی کراوە بێت بۆ بەکارھێنانی ھێز لە دژی ھەرێمی کوردستان، ئەوە ھەر کارەساتە، کە پەرلەمان بڕیاری وەھا دەربکات، دواتر ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی لاواز نییە، کە عێراق ھەڕەشەی بەکارھێنانی ھێزی لێ بکات، چونکە لە ڕابردوودا ھێزی خۆمان بینی و ھێزی عێراقیشمان بینی.''
(موئەیەد تەیب) دەشڵێت: ''من وای دەبینم بڕیاری پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە، چونکە ھەرێم بە بڕیاری کەس ڕیفڕاندۆم دوا ناخات و، بە پێچەوانەوە، بڕیارەکە کاریگەریی وەھای دەبێت، کە ھەنگاوەکانی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی خێرا ببنەوە. من خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە، نەک کاریگەریی لەسەر ڕیفڕاندۆم نابێت، بەڵکو ئەو خەڵکانەی تا ئێستا دوودڵن بەرامبەر بە ڕیفڕاندۆم ھان دەدرێن بەشداریی پڕۆسەکە بکەن و خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولدا وەڵامی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە.''
kdp-
