لەسەر ئازاد جندیانی بە توندی هۆشداری بە عەلی حەمەساڵح دەدرێت

 لەسەر ئازاد جندیانی بە توندی هۆشداری بە عەلی حەمەساڵح دەدرێت
لە بەرامبەر ئەو قسانەی لەسەر ئازاد جندیانی کردوویەتی، بە توندی هۆشداری بە عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان دەدرێت.

خوناو عوسمان، سەرپەرشتیاری لقی هەولێری یەکێتیی ژنانی کوردستان کە ڕێکخراوێکی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بە عەلی حەمەساڵحی گوتووە: ”ئازاد جندیانی بە قەد قورسایی خۆت و عەشیرەتت، پێڵاوی لە خەبات و تێکۆشان بۆ کوردایەتی دڕاندووە. ئەوەندەی ئازاد جندیانی و بنەماڵەکەی کوردایەتییان کردووە، خەڵکی وەک تۆ لەژێر لێفەی گەرم خەوی شیرینیان دەکرد“.

ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی ئەوەش بە پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت: ”تۆ بە دوو ڕۆژ ھەوڵی چەواشەکاریی خەڵک و ھاندانیان بۆ مانگرتن لە دەوام لە سنووری ھەولێر دەدەیت، بەڵام خێزانەکەی خۆت دەوامێکی بێ پچڕانی دەکرد و تۆ بۆ بەکوشتدانی خەڵک سەرت پێوە نییە، بەڵام بە یەک ھەڕەشەی بچووک لە سەیتەرەی ھەولێر، ڕووی ئۆتۆمبێلەکانتان بەرەو سلێمانی سووڕانەوە“.

لە کۆتاییشدا خوناو عوسمان هۆشداری بە عەلی حەمەساڵح دەدات و ڕای دەگەیەنێت: ”زات نەکەن بەو کەسانەی ئەوڕۆیان دروست کرد، قسە بکەن و قۆڵ فشکەنەوە، چونکە بەری مانگ بە تارماییە موزەیفەکەی تۆ ناگیرێ“.

پێشتر عەلی حەمەساڵح لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بە زمانێکی زبر، بە توندی هێرشی کردبووە سەر ئازاد جندیانی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دوای دەست لەکار کێشانەوەی، ئێستا وەک چالاکوانێک، بانگەشە بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکات.











باسنيوز
Top