پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان: ڕێگە نادەین بەغدا بڕیارمان بەسەردا فەرز بکات

 پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان: ڕێگە نادەین بەغدا بڕیارمان بەسەردا فەرز بکات
ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بڕیارێکی لە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان دەرکرد، پەڕلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت "بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق زیان بە ھەموو گەلی کورد دەگەیەنێت".

ئەمین بەکر، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "پەرلەمانی عێراق، لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بڕیاری ئەوەی دەرکردووە کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نادەستوورییە و داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە، ڕێگری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بکات".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، ئەوەشی خستە روو: "دژی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق ھەوڵماندا ڕێگای دیکە بگرینەبەر، بەڵام نەمانتوانی، بۆیە ھەموو فراکسیۆنی لیستە کوردستانییەکان بەباشمان زانی بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەڕلەمانی عێراق بکەین".

ئاماژەی بەوەش کرد، کە پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بووە بە گەرمترین ھەواڵی میدیاکان، بێگومان بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی داوای ئەوەیان کردووە، ڕیفراندۆم بۆ کاتێکی دیاری کراو دوابخرێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، بڕیارێکی لەوشێوەیە بەسەرماندا فەرز بکرێت، چونکە ئەو بڕیارە زیان بە ھەموو گەلی کوردستان دەگەیەنێت، نەک تەنیا بەو لایەنانەی بڕیاریان داوە ڕیفراندۆم لەکاتی خۆیدا بکرێت.











باسنیوز
Top