پێنجوێن.. جووتیاران خۆپیشاندانیان ئەنجام دا
عەتا کەریم، یەکێکە لە جووتیارانی پێنجوێن، رایگەیاند: "بەھۆی ئەوەی لەئێستا بەرھەمێکی زۆری تەماتەی پێنجوێن پێگەیشتووە، بەڵام لەبازاڕ پارە ناکات، بۆیە کەمێک پێش ئێستا، وەک ژمارەیەک لە جووتیارانی پێنجوێن، خۆپیشاندانمان ئەنجام دا و رێگای سلێمانی- پێنجوێنمان گرت".
ئەو جوتیار، ئەوەشی خستە روو کە خۆپیشاندانەکە دژی ھاوردەکردنی بەرھەمی دەرەکی بوو، بەتایبەتی تەماتە بۆ ناو ھەرێمی کوردستانەوە، لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ، چونکە بەو ھۆیەوە بەرھەمی تەماتەی ئێمە کێشەی ساغنەبونەوەی لەبازاڕدا ھەیە.
لەمبارەوە زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن، رایگەیاند: "لەئێستا ئێمە لەگەڵ نوێنەری ئەو جووتیارانە لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کێشەیان بۆ چارەسەر بکەین، چونکە بەرھەمی ئەمساڵی پێنجوێن بەتایبەتی تەماتە ھێندە زۆرە بەشی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەکات".
قایمقامی پێنجوێن، ئاشکراشی کرد کە داوایان لەو جووتیارانە کردووە تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، رێگە بکەنەوە بۆ ئەوەی ھاتوچۆی ھاووڵاتییان، گەشتیاران و شۆفێران پەکی نەکەوێت.
باسنیوز
