فەرماندەیەکی پێشمەرگە: ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە چیای حەمرین بەرەو کەمبوونەوە چووە
عەبدوڵڵا بۆر، فەرماندەی میحوەری خورماتووی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ڕایگەیاند: "تیرۆریستانی داعش دوای ئەوەی خەریکە تەواوی ناوچەکانیان لە عێراق کە پێشتر داگیریان کردبوو لە دەستی دەدەن، ئێستا تووشی شپرزەیی بونەتەوە و لە کۆتاییھێنانی یەکجارەکی نزیک بووەتەوە و ئەو تیرۆریستانە ئێستا کە لە چیای حەمرین و ناوچەی زەرگەی سەر بە خورماتوون، شەڕی پارتیزانی دەکەن و ھێرش دەکەنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە ھەمیشە لە ئامادەباشی دایە و بەرپەچی ھێرشەکان دەداتەوە".
فەرماندەی میحوەری خورماتوو، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لەم چەند رۆژەی رابردووش فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان لە میحوەری خورماتوو بۆردومانی تیرۆریستانی داعشیان کرد و لە ئەنجامی ئەو بۆردومانەدا ژمارەیەک تیرۆریست کوژران و ژمارەیەکی تریش برینداربوون، جگە لەوەش چەند مۆڵگە و حەشارکەیەکیشیان تێکشکێنرا، دەشڵێت: "ئێمە داوا دەکەین کە بەردەوام ئەو فڕۆکە جەنگییانە بێن و بۆردومانی ئەو تیرۆریستانە بکەن، ئەو کاتە دەبێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ کۆتایھێنان بە داعش لە چیای حەمرین و ئێمە لە زەمینەوە گورزیان لێ دەدەین و فڕۆکەکانیش لە ئاسمانەوە".
عەبدوڵڵا بۆر، باسی لەوەش کرد کە جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لە حەمرین بەردەوامە بە تایبەت لە دوای کاتژمێر 10ی شەو دەکەونە جموجۆڵەوە، بەڵام ژمارەیان بەرەو کەمبوونەوە چووە".
ئاشکراشی کرد: "شانە نوستووەکانی داعش بۆمبی چێنراو لە سەر رێگاکانی پێشمەرگە دادەنێن و ئێستا بەرنامە و پلانی تۆکمەمان ھەیە و تیمی تایبەت بە پوچەڵکردنەوەی مین تەرخان کراوە و بەردەوام لە ھەوڵی پوچەڵکردنەوەی ئەو بۆمبانەن کە لە لایەن ئەو شانە نوستووانەی داعشەوە دادەنرێت، لە سنووری میحوەری خورماتووی پێشمەرگە".
باسنیوز
