پەرلەمانتارێك: بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكان هێزە ئەمنییەكان هاوكارمان دەبن

 پەرلەمانتارێك: بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكان هێزە ئەمنییەكان هاوكارمان دەبن
جێگری سەرۆكی لێژنەی ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕای دەگەیەنێت، بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكان هێزە ئەمنییەكان هاوكارمان دەبن.

نازم هەركی، جێگری سەرۆكی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: "لە بەرنامە لێژنەكەمان دایە لەگەڵ دەستبەكاربوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا بەدواداچونی جدی لەسەر ئەو شوێنانە دەكەین، كە ناسەقامگیریی ئەمنییان تێدایە، بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكان، لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكاندا لەسەر هێڵ دەبین".

جێگری سەرۆكی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: "هەر كەس و لایەنێك بیەوێت گرفت بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی عێراق لە ناوچە كوردستانییەكان دروست بكات، ئەوا لێی قەبووڵ ناکرێت".

هاوکات ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "پێویستە و زۆریش گرنگە لە كاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادە بێت، چونكە ئێمە چەندین ساڵە گوێ لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەگرین، بۆیە بۆ هەر ڕووداوێكی نەخوازراو ئێستا دەبێت ئەوانیش هەڵوێستی خۆیان هەبێت"..

ڕۆژی 7/6/2017 سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوە و بڕیاریان دا كە لە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017دا ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.










باسنیوز
Top