وەزیری پەروەردە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ڕوون دەکاتەوە

 وەزیری پەروەردە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ڕوون دەکاتەوە
وەزیرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ڕوون دەکاتەوە.

پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، لە پەراوێزی کۆنفرانسی (دایەلۆگی ئایین و کەلتوورەکان) کە لە شاری میونستەری ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت، پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیدارێکی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تاجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ئەنجام داوە.

لەو دیدارەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە زانیاری و شارەزاییەکانی خۆی لەبارەی کوردستان و ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆر کردووە. هاوکات وەزیری پەروەردەش ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستانی لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ”وەک پیادەکردنی مافی یاسای سرووشتیی خەڵکی کوردستان“ خستووەتە ڕوو و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ”بڕیار، بڕیاری گەل دەبێت“.

هاوکات لە پانێڵێکیدا کە بە ناوی (بەرگریکردن لە منداڵ، بونیادنانی ئاشتی) پێشکەشی کرد، پشتیوان سادق ڕای گەیاند: ”ئێستا کوردستان خۆی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئامادە دەکات و ئێمە بڕوامان وایە بەھاکانی یەکتر قەبوڵکردن و ئاشتی، ھاوتەریب نییە لەگەڵ ئەو ئاژاوانەی کە لە عێراقدا ڕوو دەدەن، بۆیە ئێمە بەرەو ڕیفراندۆم ھەنگاو دەنێین و ھیواداریشین کە پشتگیریمان بکەن".

جێگەی باسە لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکی وڵاتان و سەرکردەی سیاسی و ئایینی و ڕۆشنبیرانی سەرانسەری جیهان بەشدارن.












باسنيوز
Top