ڕۆشنبیرێکی ناسراوی سعوودی: زۆرینەی عەرەب لەگەڵ خواستی سەربەخۆیی کوردستان هاوسۆزن
عەبدولڕەحمان راشد، ڕاگەیاندنکار و ڕۆشنبیری ناسراوی سعوودی و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی کەناڵی (ئەلعەرەبییە)، لە وتارێکیدا کە بە ناونیشانی (سڵەمینەوە لە سەربەخۆیی کوردستان) لە ڕۆژنامەی (ئەلشەرقول ئەوسەت) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”ئەوە دڵنیایە کە زۆربەی عەرەب، لە دەرەوەی عێراق، لەگەڵ ویستی کورد بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ خۆیان، هاوسۆزن“.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکانیدا، ئەو هاوسۆزییەی زیاتر کردووە کە ”بەردەوام گوزارشت لە تێڕوانین مرۆڤی کورد (عێراقی) و خواستەکەی بۆ سەربەخۆیی دەکات کە لە شەستەکانەوە لە پێناویدا دەجەنگێت“.
ڕاشد ئەوە ناشرێتەوە کە وەک خۆی، هاوشێوەی زۆربەی عەرەب، پێیوایە کە “مافی کوردانی عێراقە دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن. لە لایەنی سیاسیی عەقڵانیش وای دەبینم کە هەر دەبێت ئەو خواستە پێش دامەزراندنی دەوڵەتەکە، چەند مەرجێک لەخۆوە بگرێت”.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئامادەکردنی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەت بە تەنیا بەس نییە، بەڵکوو دەبێت خودی دەوڵەتی عێراقیش ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی بەبێ هەرێمی کوردستان بژیت و تووشی داڕمان و جەنگ نەبێت.
باسنیوز
