یەکێتی لە ئۆرگانەکانیدا گۆڕانکاری دەکات و ئەوانەی پابەندی سیاسەتی یەکێتی بوون پاداشت دەکرێن و ئەوانەی دیکە سزا دەدرێن

 یەکێتی لە ئۆرگانەکانیدا گۆڕانکاری دەکات و ئەوانەی پابەندی سیاسەتی یەکێتی بوون پاداشت دەکرێن و ئەوانەی دیکە سزا دەدرێن
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر داوای ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامی سەرکردایەتیی، بۆ گۆڕانکاڕی لە ئۆڕگانەکانی دوو لیژنە پێکدەھێنێت. وا بڕیارە لەمەودوا یەکێتی سیستەمی سزا و پاداشت بەسەر کادیر و سەرکردەکانی جێبەجێ بکات. پەرلەمانتارێکی پێشتری باڵی ناوەندی بڕیاری یەکێتییش ئاماژە بەوە دەدات، ئەو یاداشتەی ئەو سەرکردانەی یەکێتی داوایان کردووە، پەیوەندیی بە پرسی باڵباڵێنی ناو یەکێتییەوە نییە و خاڵی یاداشتەکەیان بۆ نوێبوونەوەی یەکێتییە.



بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگەداری ناو یەکێتی، لە ماوەی رابردوودا و ھەر لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلالەوە، یەکێتی بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیوە، تەنانەت کەوتووەتە دۆخێکەوە کە بڕیاری سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییەکەی، ژمارەیەک پێوەی پابەند دەبن و ئەوانەشی لەگەڵیدا نین خۆیانی لێ بێبەری دەکەن. لەلایەکی دیکەشەوە، یەکێتی بەھۆی بوونی کێشەی باڵباڵێن، کێشەی زۆر لە ئۆرگانەکانیدا دروست بووە، پێشتر یەکێتی باڵێکی بەناوی ناوەندی بڕیاری یەکێتی لێ جیا بووەوە، بەڵام دواتر بە رێککەوتنی نێوان کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی و ھێرۆ ئیبراھیم، ھاوژینی جەلال تاڵەبانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کە سەرکردایەتیی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی دەکات، کۆتایی بە باڵی ناوەندی بڕیار ھات و لەسەر ئەوە رێکک ەوتن کە کۆسرەت رەسوڵ، تا ئەنجامدانی کۆنگرە مومارەسەی تەواوی دەسەڵاتەکانی تاڵەبانی بکات، تا ئاستی ئەوەی، ھێرۆ ئیبراھیم بە کۆسرەت رەسوڵی گوتووە، تۆش وەکو کوڕەکانی خۆت چاوت لە کوڕەکانی تاڵەبانی بێت.



بەپێی زانیارییەکانی (باس)، ئێستا ٣٤ ئەندامی سەرکردایەتی، یاداشتێکی ٩ خاڵییان داوەتە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و داوایان کردووە دۆخی یەکێتی چارەسەر بکرێت.



بەپێی خاڵەکان، کە لە سەرچاوەیەکی ئاگەدار بە (باس) دراوە، داوا کراوە چیتر ئەو پاشاگەردانییە لەناو یەکێتی قبووڵ نەکرێت و سیاسەتی سزا و پاداشت جێبەجێ بکرێت، ئەوەی پابەندی بڕیارەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو، لە سەرەوە تا ئاستی کادیرەکان، ئەوە بە بردنە پێشەوە و ئیمتیازی پلە و پۆستی حزبی و حکوومی پاداشت بکرێت و ئەوەشی پابەند نەبێت بە بڕیارەکانەوە، سزا بدرێت.



بۆ ئەوەش داوا کراوە، لە ماوەی مانگێکدا ئەو سیستەمە لەسەر بنەمای پابەندبوونی رابردوو جێبەجێ بکرێت و پۆستە حکوومییەکانی یەکێتی لە رێگەی کەسانی پابەندبوو پڕ بکرێنەوە و گۆڕانکاریی لەو کەسانەشدا بکرێت کە ماوەیەکی زۆرە لە پۆستەکانیاندا ماونەتەوە، یان لەبری قازانج زیانیان بە یەکێتی گەیاندووە.



بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، یەکێتی دوو لیژنەی بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و گۆڕانکارییەکان لە ئۆرگانەکانی پێکھێناوە و وا بڕیارە لەم ھەفتەیەدا دەست بە کارەکانی بکات.



سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ئەو سیستەمەی یەکێتی کە مەکتەبی سیاسییش پشتیوانیی لێ دەکات، زیانی گەورەی بۆ گرووپێکی ناو یەکێتی دەبێت، کە لەلایەن شاناز ئیبراھیم و لاھور شێخ جەنگییەوە، ئاراستە دەکرێن و دەستیان لەناو میدیا فەرمی و نافەرمیەکانی یەکێتیدا ھەیە، کە بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەو باڵە ھیچ کات پابەندی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نەبووە و خۆی وەکوو ئۆپۆزسیۆنێک لەناو یەکێتی پیشان داوە، پێشتریش بەو ھۆیانەوە رووبەڕووی سزا بوونەتەوە، شاناز ئیبراھیم لە بەرپرسیاریەتی لە رێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتی دوور خراوەتەوە، ھەروەھا دەسەڵاتەکانی (لاھور جەنگی)یش لە دەزگای زانیاریی یەکێتی کەم کراونەتەوە، لەمەودواش بەپێی ئەو یاداشتەی سەرکردەکانی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی دەستکراوەتر دەبێ بۆ سزادان.



بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، لەو یاداشتەی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی بە ھیچ شێوەیەک باس لە گۆڕینی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەکراوە، گوتی: “ئەو سەرکردانە داوایان کردووە گۆڕانکاری لە ئۆڕگانەکانی یەکێتیدا بکرێت”.



لای خۆشیانەوە، رێواس فایەق، پەرلەمانتاری یەکێتی، کە پێشتر لەگەڵ ناوەندی بڕیاری یەکێتی، پشتیوانی لە داوا و خاڵەکانی ناوەندی بڕیار کرد، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو یاداشتەی ئەمجارەی سەرکردەکانی یەکێتی، پەیوەندیی بە ناوەندی بڕیارەوە نییە، گوتیشی: “ژمارەیەک سەرکردەی یەکێتین و داوای نوێبوونەوە و گۆڕانکارییان لە ئۆڕگانەکاندا کردووە، تا خۆی بۆ قۆناخی نوێ ئامادە بکات، لێرەشدا یەکێتی دەبێت گۆڕانکاریی جدی لە ئۆرگانەکانیدا بکات، چ لە ئاستی گوتار و ھەڵوێست، چ لە ئاستی ئۆڕگانەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی نوێی ھەرێمی کوردستان”.



ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردەوە، ئەو یاداشتەی سەرکردایەتی پەیوەندیی بە بابەتی باڵ و کوتلەکارییەوە نییە، بەڵکوو ئەندامانی سەرکردایەتی لە ھەموو قەناعەتە جیاوازەکانی تیایە، بە سەرکردەکانی پێشتریش کە واژۆیان لەسەر خاڵەکانی داوای ناوەندی بڕیاری یەکێتی کردووە.



ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ھەموو حزبێکی سیاسی پێویستە خۆی نوێ بکاتەوە، تا خۆی لەگەڵ پێشھاتەکان بگونجێنێ، سەرکردایەتیی یەکێتییش درکی بەوە کردووە، کە یەکێتی پێویستە لەناوخۆدا خۆی چاک بکات و لەگەڵ قۆناغە نوێیەکانیش ھەنگاو بنێت.



باسنیوز
Top