لە ناحیەی ڕزگاری و کەمپی دارەشەکران کەرنەڤاڵی ڕیفڕاندۆم بەڕێوە دەچێت

 	 لە ناحیەی ڕزگاری و کەمپی دارەشەکران کەرنەڤاڵی ڕیفڕاندۆم بەڕێوە دەچێت
بڕیارە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری ھەولێر چەندین ئاھەنگ و کەرنەڤاڵی جەماوەری بۆ پشتگیریی ڕیفڕاندۆم بەڕێوە بچن و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، سبەی ئێوارە کەرنەڤاڵی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی لە ناحیەی ڕزگاری ئەنجام دەدرێت.

دکتۆر (شاڵاو مەلا ئەمین)، کارگێڕی لقی ١٦ی ھەولێری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سنووری دەوروبەری ھەولێر دەست بە ھەڵمەتی بانگەشەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستان کراوە، ئێمەش لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک لایەنێکی نێو ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم دەستمان بە چالاکی کردووە بەرەو ڕۆژی ڕیفڕاندۆم و ڕۆژانە چەندین چالاکیی جۆراوجۆر لە سنووری قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری ھەولێر بەڕێوە دەچن، ڕاستە ڕیفڕاندۆم پرسێکی نیشتمانییە و ھەندێک لە چالاکییەکان لەسەر ئاستی میللی، لە لایەن دەزگەی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکانەوە بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئێمەش ئەوەی پێمان بکرێت ھاوکارییان دەکەین.''

دکتۆر (شاڵاو مەلا ئەمین) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە بەیانییەوە چەند چالاکییەک لە سنووری دەوروبەری ھەولێر بەڕێوە دەچن، لەوانەش کەرنەڤاڵی ڕیفڕاندۆم لە ناحیەی ڕزگاریی سەر بە قەزای خەبات بەڕێوە دەچێت و بۆ ڕۆژی چوارشەممەش ئاھەنگێکی جەماوەری بۆ پشتگیریی ڕیفڕاندۆم لە کەمپی دارەشەکران بەڕێوە دەچێت، جگە لەوەش چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی بەرفراوان ھەن لەگەڵ وەرزشوان و پیشەوەرانی دەوربەری ھەولێر.''
kdp-
Top