پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول: ئامانجی شۆڕش سەربەخۆییی کوردستان بوو، پشتگیری لە ڕیفراندۆم بکەن

 	 پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول: ئامانجی شۆڕش سەربەخۆییی کوردستان بوو، پشتگیری لە ڕیفراندۆم بکەن
پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و ئەوانەی یاوەری (بارزانی نەمر) بوون بۆ یەكێتیی سۆڤییەت، پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان دەكەن و دەڵێن، خەباتیان بۆ سەربەخۆییی كوردستان كردووە، هۆكاری هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ئەوە بوو كورد لە ژێردەستی ڕزگار بێت و بە ئاواتەكانی خۆی بگات، كە ئەویش دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە، بۆیە داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەن ڕۆژی 25/9 ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.

)حەسەن محەمەد)، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''تەمەنم لە سەدەیەك نزیك دەبێتەوە، من هەر لە 13 ساڵییەوە چەكی شەڕەف و پێشمەرگایەتیم لە شان كردووە. تا گەیشتووینەتە ئەمڕۆ خوێنێكی زۆرمان داوە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی خەباتمان بۆ كردووە، داوای یەكڕیزی لە لایەنە سیاسییەكان دەكەم، ڕۆژی 25/٩ هەموو پێكەوە ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.''

(برایم جەلیل)، پێشمەرگەیەكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''بۆ كوردستان و ئازادیی وڵاتەكەمان بووینە پێشمەرگە تا ئێمەش وەكو هەموو گەلانی جیهان بە ئازادی بژین و بە مافەكانی خۆمان بگەین، چونكە ئەگەر نەمانویستبایە بە ئازادی بژین و هەر لە ژێردەستیدا بووینایە، ئەوەندە شەهیدەشمان نەدەدا و تووشی كارەسات و دەربەدەریش نەدەبووین، بەڵام دەمانەوێت بە ئازادی و مافەكانمان بگەین و لە ژێر سێبەری ئاڵای كوردستاندا بژین.''

(فریا زوبێر)، پێشمەرگەیەكی دیكەی شۆڕشی ئەیلوولە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''بۆ ڕەتكردنەوەی ژێردەستی زیاتر لە 10 ساڵ لە ئەشكەوت و چیا و چۆڵەكانی كوردستاندا ژیانمان بەسەر بردووە، لەگەڵ ئەوەی سەدەیەك خەباتمان كردووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان، شۆڕشی ئەیلوولیش هەمان شت بوو، كە هەموو ئەو شۆڕشە یەك لەدوای یەكانە بۆ ئەوە بوون ڕۆژێك لە ڕۆژان بە دەوڵەتی كوردستان شاد بین.''

(فریا زوبێر) ئاماژەی بەوەش كرد: ''حكوومەتی عێراق چۆكی دادا و ناچار بوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا ددان بە مافی كورددا بنێت، ئەمڕۆش لە سایەی شۆڕشی ئەیلوول كورد خەریكە بە ئاواتەكانی دەگات، هۆكاری هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ئەوە بوو كورد لە ژێردەستی ڕزگار بێت و بە ئاواتەكانی خۆی بگات، كە ئەویش دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە.''
kdp-
Top