سبەی پارتی و یەکێتی دوو کۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ ئەنجام دەدەن
لە میانی پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا کە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ یەکێتی ئەنجامیان دا، عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی ڕای گەیاند: ”لەبارەی ئەو کێشانەی ئێستا لە ئارا دان، بە تایبەتی ئەو خاڵانەی یەکێتی خستوویەتیە ڕوو کە ئێمە بە خاڵی باشیان دەزانین، پێمان باشە ئەم خاڵانە بکرێنە ڕێککەوتنێکی سیاسی و میکانیزمێکی گونجاوی بۆ دابنرێ تا جێبەجێ بکرێن“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سبەی کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی لەگەڵ کۆمەڵ لەلایەک و یەکێتی و پارتی لەگەڵ گۆڕان لەلایەکی دیکە بەڕێوە دەچێت و ڕای گەیاند: ”ئومێد دەکەین لەو کۆبوونەوانە بە ئەنجام بگەین“.
لەلایەن خۆیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی ڕای گەیاند: ”ڕیفراندۆم وەکوو دەروازەیەکی یاسایی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، پێمانوایە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستە و دەبێت سەقفێکی یاساییش هەبێت بۆ بڕیاری ڕیفراندۆم کە ئەمە بە پەرلەمانێکی داخراو نابێت“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتنێکیان واژۆ کردووە لەبارەی ئەو 7 خاڵەی سەرکردایەتیی یەکێتی دیاری کردووە. گوتیشی: ”کۆبوونەوەی بەیانیمان لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی دەبێ و ئیشەڵا بە ئەنجامێکی زۆر باش دەگەین. لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش کۆدەبینەوە“.
باسنيوز
