چەکدارانی عەسایب ئەهلی حەق بە زۆر واژۆ بە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەدێی مەندەلی دەکەن

 چەکدارانی عەسایب ئەهلی حەق بە زۆر واژۆ بە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەدێی مەندەلی دەکەن
چەکدارانی عەسایب ئەهلی حەق کە قەیس خزعەلی سەرۆکایەتییان دەکات و هێزێکی سەر بە حەشدی شەعبین، دەست بەسەر بارەگای شارەوانیی مەندەلیدا دەگرن و بە زۆر واژۆ بە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکە دەکەن.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئەیلوولی 2017، چەکدارانی عەسایب ئەهلی حەق، بە چەکەوە چوونەتە سەر بارەگای ئەنجومەنی شارەدێی مەندەلی و دەستیان بەسەر بارەگاکەدا گرتووە.

ئەوەشی ڕوون کردەوە هەر ئەو چەکدارانە شەوی ڕابردوو، بەزۆر ئەندامانی ئەنجومەنەکەیان بردووە و فشاریان خستوونەتە سەر، تاوەکوو واژۆ لەسەر سێ خاڵ بکەن کە بریتین لە لادانی بەڕێوەبەری شارەدێی مەندەلی (لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) و سەرۆکی ئەنجومەنی شارەدێی مەندەلی (لە پشکی پارتی) و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی شارەدێی مەندەلی کە یەکێک لەو بڕیارانە، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراقە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ چەکدارانی ئەو هێزەی سەر بە حەشدی شەعبی لە ناو بازاڕی مەندەلی، ئاڵای کوردستانیان هێنایە خوارەوە و سووتاندیان. هاوکات پارێزگاری دیالەش بەبێ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر بە چەکداران بگرێتە بەر، بڕیاری دا مۆڵەتی ناچاری بە بەڕێوەبەری شارەدێی مەندەلی بدات.









باسنیوز
Top