یەکگرتووی ئیسلامی و یەکێتی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان کۆ دەبنەوە

 یەکگرتووی ئیسلامی و یەکێتی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان کۆ دەبنەوە
کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕای دەگەیەنێ، کە سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان، لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کۆدەبینەوە.

خەلیل ئیبراھیم، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئێستا یەکێـتیی نیشتمانیی کوردستان، جموجوڵێکی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان ھەیە، بۆ ئەوەش دیارە روونکردنەوەی خۆی ھەیە، بۆیە لەسەر خواست و داوای یەکێتی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 11/9/2017 کۆدەبینەوە".

ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو، ئەوەشی خستە روو کە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتیی، گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە دەکەن، کە ئەوان لەگەڵ کۆمەڵ، گۆڕان و پارتی پێشتر قسەیان لەسەر کردووە و بیر و راکانیان ئاڵوگۆر دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانی، بە سەرپەرەشتیی مەلا بەختیار، لەگەڵ شاندێکی کۆمەڵی ئیسلامی بە سەرپەرەشتیی عەلی باپیر، لەسەر پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان کۆبوونەوە.

بڕیارە سبەی سێشەممە 12/9/2017 کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان یەکێتـی، گۆڕان و پارتی لەسەر پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ھەولێر ئەنجام بدرێت.












باسنیوز
Top