سەرۆك بارزانی: تا کوردێک مابێ کەرکووک لە کوردستان جیانابێتەوە

سەرۆك بارزانی: تا کوردێک مابێ کەرکووک لە کوردستان جیانابێتەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە تا کوردێک مابێ، کەرکووک لە کوردستان جیانابێتەوە.



مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (BBC)دا رایگەیاندووە، گەل و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان پاشگەز نابێتەوە.



سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، کە بەردەوام داوا لەو کەس و لایەنانە دەکات، کە داوای دواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەکەن، ”بەدیلتان چییە؟“.



بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق یەکپارچە نەبووە هەتا ئێستا پارجەپارچە بێ و گەلی کوردستانیش لە پاراستنی یەکپارچەیی عێراق بەرپرس نییە، هەرێمی کوردستان لە 2003 بە سەربەخۆییەوە گەڕایەوە بەغدا ”چووین دەوڵەتێکی دەستووری و دیموکراتی لە عێراق بنیات بنێین، بەڵام وا دەرنەچوو“.



سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ”مافێکی دەستووری“یە، چونکە بەپێی دەستوور، عێراق لە یەکگرتنی ئارەزوومەندانەی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکهاتووە و هەر کاتێکیش حکوومەتی عێراق پابەندی دەستوور نەبوو، کە مافەکانی گەلی کوردستانی تێدا چەسپێندرابوو، ئەوا هەرێمی کوردستان لەو یەکێتییە ئارەزوومەندایە دەکشێتەوە.



حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2013ـەوە و بە فەرمانی نوری مالیکی، بەشەبودجەی کوردستان و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی بڕیوە و لە شەڕی دژی داعشیدا، هیچ هاوکارییەکی سەربازیی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان نەنارد و رێگریشی لە هاوکارییە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان کرد.



بارزانی دڵنیایی دەداتە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و بەرەی دژی تیرۆری جیهانی، کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش نابێ و کوردستان بەردەوام دەبێت لە هاوپەیمانیی شەڕی دژی تیرۆر.



سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە کە ”ناچار نەبین شەڕ بکەین“، هاوکات ئامادەیی خۆی و هەموو تاکێکی کوردستانی بۆ بەرگریکردن لە کوردستانییەتی کەرکووک دەربڕیوە، ”هەر کەسێک بیەوێ بەهێز کەرکووک لە کوردستان داببڕێ، دەبێ پێشبینیی ئەوە بکا تا یەک کورد مابێ رووبەڕوویان دەبینەوە“.



بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە تەمەنی 12 ساڵیدا چەکی هەڵگرتووە و بووەتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، ”لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان تفەنگم هەڵگرت و ئامادەشم بۆ ئەو ئامانجە سەری خۆم دانێم“.



هەروەه سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەرکووک شارێکی کوردستانییە، بەڵام شاری کورد نییە، ”دەمانەوێ کەرکووک بکەینە نموونەی پێکەوەژیان“ی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینەکان لە کوردستان.



لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.





باسنیوز
Top