وەزارەتی پێشمەرگە زانیاری لەبارەی کەسوکاری دەستگیرکراوی چەکدارانی داعش بڵاو دەکاتەوە

 وەزارەتی پێشمەرگە زانیاری لەبارەی کەسوکاری دەستگیرکراوی چەکدارانی داعش بڵاو دەکاتەوە
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە باس دەستگیرکردنی کەسوکاری چەکدارانی داعشەکان دەکات و دەڵێت: "ئەوانەی دەستگیر کراون، بەپێی یاسا نێودەولەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".



سالار محەمەد جەباری، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە گوتی: ژمارەیەکی زۆری ژن و کچی چەکدارانی داعش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون، بەتایبەت لە کەرکووک و ئەو شوێنانەی کە ڕێگای سەرەکین بۆ کەرکووک بۆ وێنە حەویجە، ئەو ژنانە زۆربەیان کەسانی بیانی و ڕووسی و فەرەنسی و کۆری چینی و سوری و سۆماڵین و زۆر ڕەگەزی دیکەیان تیدایە".



جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد: "لەناو گیراوەکاندا چەند ژنێکی کوردیش هەن کە یەکێکیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، دەستگیرکراوەکان بەشێکیان ڕادەستی حکوومەتی عێراق دەکرێنەوە، چونکە لەوێ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەن و بەشێکیشیان ئەوەی تاوانی هەبێت، یان دەستی لە تاواندا هەبێت ئیجرائاتی لەگەڵ دەکرێت".



سالار محەمەد جەباری ئەوەشی خستە ڕوو: "دەستگیرکراوەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و چارەنووسیان بەپێی یاسا دەبێت و بەشێکیان هەڵخەڵەتێنراون و براون بۆ مووسڵ و بەشێکیشیان بە زۆر براون و ژنی وایان تێدایە کە 18 جار لەناو چەکدارانی ئاڵوۆیری پێکراوە".





باسنیوز
Top