ئەمڕۆ یەكێتی ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان رێککەوتننامەکەیان واژۆدەكەن

 ئەمڕۆ یەكێتی ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان رێککەوتننامەکەیان واژۆدەكەن
سەركردەیەکی پارتی رایدەگەیێنێ، ئەمڕۆ دووشەممە بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی ‌و كۆسرەت رەسول رێككەوتننامەی پارتی و یەكێتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان ‌و چەند پرسێكی دیكە لە پیرمام واژۆدەكرێت.

خاڵی جەوهەری رێككەوتننامەی كێتی ‌و پارتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانە. د. ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "كە پەرلەمان كاراكرایەوە ئیدی لەوێوە دەست بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی دیكەش دەكرێت، چونكە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی ئێمە ‌و یەكێتی ‌و زۆربەی حیزبەكانی دیكەش داوایان دەكەن وەك چاكکردنی مووچە ‌و بژێوی ژیانی هاونیشتمانیان، هەر دەبێت لە پەرلەمانەوە كاریان لەسەر بكرێت".

بەگوتەی ئەو سەركردەیەی پارتی، هەر لەو رێككەوتنەدا كە بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 11-9 بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی ‌و كۆسرەت رەسول، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی واژۆدەكرێت، پشتیوانی بۆ گشتپرسی رادەگەیێندرێ‌.

هاوکات سەرچاوەیەكی ئاگادار لەنێو پارتی بە (رووداو) ی راگەیاند: "بیرۆكەیەك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و درێژکردنەوەی ئەم خولە هەیە، چونکە دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان كاری زۆر دەبن پێویستە ئەنجامبدرێن و هەنگاوەکانی دوای ئەنجامدانی گشتپرسیش كاتی زۆریان دەوێت، بۆیە بیرۆكەیەك هەیە بۆ درێژكردنەوەی كارەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، بەو جۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کە دەبێت مانگی 11 ی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، بۆ ماوەیەك دوادەخرێت‌".

رۆژی یەکشەممە 10-9-2017، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر رێککەوتننامەیەکی نوێ رێککەوتن، یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتننامەکەش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە پەکخستنی، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە بەبێ رازیکردنی بزووتنەوەی گۆڕان.





رووداو
Top