هەڵۆکانی سەفین ئاهەنگێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە باسرمە ساز دەکەن

 هەڵۆکانی سەفین ئاهەنگێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە باسرمە ساز دەکەن
گرووپی خۆبەخشی هەڵۆکانی سەفین ئاهەنگێکی جەماوەری لە شارەدێی باسرمە لە شارۆچکەی شەقڵاوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ساز دەکەن.



بەپێی راگەیەندراوێکی گرووپەکە، ئاهەنگەکە کاتژمێر 4:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 12/9/2017 لەبەردەم هۆڵی حەسەن سیساوە لە باسرمە، ساز دەکرێت.



لە ئاهەنگەکەدا، گرووپی خۆبەخشی هەڵۆکانی سەفین پشتگیریی خۆیان و سەربەخۆخوازانی باسرمە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق رادەگەیەنن.



ئاهەنگەکە بە بەشداریی هەردوو هونەرمەندی میللی نوری گەرمیانی و حەسەن دۆڵەمەری بەڕێوە دەچێت و هەموو هاووڵاتییانی سەربەخۆخواز دەتوانن بەشداریی بکەن.



پێشتریش گرووپی هەڵۆکانی سەفین ئاهەنگێکی فراوانی جاوەرییان بۆ هەمان مەبەست، لە شارۆچکەی شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر، ئەنجام داوە.



لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.



باسنیوز
Top