پەرلەمانتارێكی ئەوروپا: رۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە كوردستان دەبم

پەرلەمانتارێكی ئەوروپا: رۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە كوردستان دەبم

د. دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای کرد و لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ فرانز ئۆبەمایر ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، باسیان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كرد و ناوبراو ئامادەیی خۆی پێشان دا لە رۆژی ریفراندۆم لە كوردستان ئامادە بێت.


بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوێنەرایەتی ئەوروپای حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەوەری سەرەکی دیدارەکە بریتی بووە لە پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە تییدا نوێنەری حکومەتی هەرێم بە وردی تیشکی خستووەتە سەر چۆنیەتی بەرێوەچوونی پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ئەم خاڵانەی خستنەروو کە وای کرد گەلی کوردستان بە سەرجەم پـێکهاتەکانی بڕیار لە ئەنجامدانی رێفراندۆم بدەن.


لەو چوارچێوەیەدا شاندی نوێنەرایەتی داوای لە پەرلەمانتاری ئەوروپی کرد کە پشتگیری زیاتری داوا رەواکانی گەلی کوردستان بکەن و رێز لە بڕیاری ئاشتیانەی گەلی کوردستان بگرن و جەختی کردەوە کە کوردستانیکی سەربەخۆ دەبێتە فاکتەری سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە و هاوپەیمانێکی گرنگ بۆ وڵاتانی ئەورووپا و جیهانی ئازاد.


لای خۆیەوە فرانز ئۆبەرمایر پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ گەلی کوردستان و ریفراندۆم راگەیاند و بڕیاری دا کە لە کاتی بەرێوەچوونی گشتپرسی سەردانی هەریمی کوردستان بکات و لەوێ ئامادە بێت.


لە تەوەرێکی تری دانیشتنەکەدا باس لە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانتارانی ئەوروپی کرا بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەی کە نوێنەراتی بۆ وەدەستهێنانی پشتگیری پەرلەمانی ئەوروپا لە دوای بەرێوەچوونی گشتپرسی ئامادەی کردووە.


ئێستە نوێنەرایەتی كوردستان لە ئەوروپا لە هەوڵی دروستکردنی گرووپێکە لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا بە مەبەستی سەردانکردنی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەرێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان.
bas news-
Top