شاندێكى ئەنەکەسە سەردانی رووسیای كرد

شاندێكى ئەنەکەسە سەردانی رووسیای كرد



شاندێکى باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا بە سەرۆکایەتى ئیبراهیم برۆ سەرۆکى ئەنجوومەنەکە سەردانی مۆسکۆى پایتەختى رووسیایان كردووە و لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ جێگرى وەزیرى دەرەوەى رووسیا کۆبوونەتەوە.


لەمبارەیەوە ئیبراهیم برۆ سەرۆکى ئەنەکەسە رایگەیاند "داوامان لە رووسیا کردووە پاڵپشتى مافەکانى نەتەوەیی کورد لە دەستوورى داهاتووى سووریا بکات".


سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی گوتى "کۆبوونەوەى شاندى باڵاى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا لەگەڵ شاندى وەزارەتى دەرەوەى رووسیا بە سەرۆکایەتى جێگرى وەزیرى دەرەوەى رووسیا ئەرێنى بوو، رووسیا بەڵێنى بە ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد داوە کە مافەکانى نەتەوەیی کورد لە دەستوورى داهاتووى سووریا پارێزراو بێت".


برۆ گوتیشى "لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى رووسیا تاوتوێى ئەوەشمان کردووە کە شاندى ئەنجوومەنى نیشتمانی کورد لە سووریا کە نوێنەرایەتى بەشى هەرە زۆرى گەلى کورد دەکات لە سووریا، لە سۆنگەى داواکارییەکانى رووسیا بۆ بەشداربوونى نوێنەرانى کورد لە کۆبوونەوەکانى ریاز دوو، ئێمە وەک شاندى ئەنەکەسە بە رووسیامان راگەیاندووە کە ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد وەک شاندێکى سەربەخۆ بۆ نوێنەرایەتیکردنى گەلى کوردى سووریا لە کۆبوونەوەکانى ریاز دوو لە مانگى داهاتوو بەشدارى دەبێت".


سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا مافەکانى کورد لە دەستوورى داهاتووى سووریا ئاشکرا دەکات و دەڵێ "بەپێى مادەى دەستوورى داهاتووى سووریا بێت، کورد مافى ئەوەى هەیە بێبەش نەبێت لە مافى هاووڵاتیبوون و هەروەها زمانى کوردى زمانێکى سەرەکى بێت و لە هەمان کاتیشدا پەروەردە و خوێندن بە زمانى کوردى بێت، بە رووسیامان راگەیاند کە دواى ئەو هەموو وێرانکارییەى جەنگ نامانەوێت سووریا بگەڕێتەوە بۆ سووریای پێش ساڵانى ٢٠١١، بەڵکو دەبێت سووریایەکى فیدڕال بنیات بنێینەوە بۆ ئەوەى متمانە لە نێوان هاووڵاتییان و پێکهاتەکانى سووریا دروست بێتەوە".
bas news-
Top