قه‌ڵادزێ.. دوو منداڵ به‌هۆی پێشبڕكێی دوو ئۆتۆمۆبێله‌وه‌ گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن

قه‌ڵادزێ.. دوو منداڵ به‌هۆی پێشبڕكێی دوو ئۆتۆمۆبێله‌وه‌ گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن
به‌هۆی پێشبڕكێی دوو ئۆتۆمۆبێله‌وه‌ له‌ شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ ڕووداوێكی هاتووچۆ درووست ده‌بێت و دوو منداڵ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.



شۆرش ئیسماعیل گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند: " ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (10-9-2017) دوای ئه‌وه‌ی دوو ئۆتۆمبێلی جۆری ( كیا/سیراتۆ) و ( پیكاب/ نیسان) پێشبڕكێ ده‌كه‌ن دوو منداڵ به‌ ناوه‌كانی ( هـ . س . ب ) ته‌مه‌ن 5 ساڵ و ( م . ع . ع ) ته‌مه‌ن 6 ساڵ، له‌ ڕه‌گه‌زی نێر ده‌شێلن و به‌وهۆیه‌وه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ردووكیان دانیشتووی گه‌ڕه‌كی ڕاپه‌ڕینی شارۆچكه‌ی قەڵادزێن".



ڕوونیشیكرده‌وه‌ كه‌ دوای ڕووداوه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی بنكه‌ی پۆلیسی فریاكه‌وتن و بنكه‌ی نه‌هێشتنی تاوانی پشده‌ر و بنكه‌ی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ و هه‌ردوو شۆفێره‌كه‌یان ده‌ستگیر كردووه‌، دوای لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵیاندا به‌ گوته‌ی خۆیان پێشبڕكێیان كردووه‌ و دواتر كۆنترۆڵیان له‌ده‌ستداوه‌.



ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد دوای گه‌یاندنی ته‌رمی منداڵه‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی قه‌ڵادزێ و پاش توێكاری بۆ ته‌رمه‌كانیان ڕاده‌ستی كه‌سوكاره‌كه‌یان كرایه‌وه‌ و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ڕووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌.
bas news-
Top