پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول: لە شۆڕشدا تەنیا چیاکان هاوڕێمان بوون، ئێستا جیهانیش پشتگیریمان لێ دەکات

پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول: لە شۆڕشدا تەنیا چیاکان هاوڕێمان بوون، ئێستا جیهانیش پشتگیریمان لێ دەکات
شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆكایەتیی (بارزانی نەمر) هەڵگیرسا، كە بووە ئاڵاهەڵگری خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی كورد. شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەچەرخانێكی گرنگ بوو لە مێژووی گەلەكەماندا و بوو بە سەرەتایەك بۆ ڕەتكردنەوەی داگیركاری و هەستی بەرنگاربوونەوە لە ناو خەڵكی كوردستاندا. پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول دەڵێن، ئامانجی ئەو شۆڕشە ڕزگاركردنی نیشتمان و سەربەخۆییی كوردستان بوو، هەروەها دووبارە متمانەی بە گەلی كورد بەخشی.

(محەمەد ئەحمەد)، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بە دەست هاتوون‌، بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول بوونە، شۆڕشی ئەیلوول لە ناو كۆمەڵگەی كورددا كاریگەریی خۆی هەبوو، بە حوكمی ئەوەی شۆڕشی ئەیلوول درێژترین شۆڕش بوو لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی كورددا، ڕێبەڕێكی كاریزما و گەورەی وەك (بارزانی نەمر) سەركردایەتیی شۆڕشی دەكرد، توانی بۆ چەندین جار حكوومەتێكی داگیركەر ناچار بكات، لەگەڵ كورد دانوستاندن بكات، كە سەرەنجام ڕێككەوتنی 11ـی ئازاری لێ كەوتەوە.''

(محەمەد ئەحمەد) ئاماژەی بەوەش كرد: ''یەكێك لە دەستكەوتە هەرەگەورەکانی شۆڕشی ئەیلوول ئەوە بوو، کە باوەڕی بۆ كوردان دروست كرد، تا بتوانن بەرامبەر هەر مەترسی و تەحەددایەك خۆڕاگر بگرن.''

(حاجی ڕەسوول) پێشمەرگەیەكی دیكەی شۆڕشی ئەیلوولە لە سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''شۆڕشی ئەیلوول ئەو شۆڕشە بوو، كە بە ڕابەرایەتیی (بارزانی نەمر) دژی ستەم و زۆرداریی داگیركەران هەڵگیرسا لە كاتێكدا، كە تەمی تاریكی و نائومێدی لە هەموو لایەكەوە باڵی ڕەشی كێشابوو بەسەر خاك و خەڵكی كوردستاندا و دوژمنان خەریكی سڕینەوە و لەناوبردنی گەلەكەمان بوون، بڵێسەی ئەم شۆڕشە بوو كە ئومێدێكی نوێی بەخشییە گەلەكەمان و بوو بە هەوێنی بنیاتنانی دەسكەوتەكانی ئەمڕۆی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی ئامانجی ئەو شۆڕشە ڕزگاركردنی نیشتمان و سەربەخۆییی كوردستان بوو، هەروەها دووبارە متمانەی بە گەلی كورد بەخشی.''

ئاماژەی بەوەش كرد: ''لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا بە تەنیا چیا و چۆڵەكانی كوردستان هاوڕێیەتیی هێزی پێشمەرگەیان دەكرد، بەڵام ئەمڕۆ وڵاتە زڵهێزەكانی جیهان پشتگیری لە گەلی كورد دەكەن، كە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی حەكمیانەی (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتیی سیاسیی كورد.''

kdp-
Top