یەزدانپەنا: داعش لە حەویجە خۆی پێ ناگیرێت
بە پێی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش بە چەندین فرتوفێڵ، خۆیان و هاوسەر و منداڵەکانیان لە حەویجە دەرباز کردووە، چونکە دڵنیان لەوەی ئەو شارۆچکەیەشیان لە دەست دەچێت. (حوسێن یەزدانپەنا)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هێزی پێشمەرگە باش لە تاکیتکی داعش شارەزا بووە، بەشێکی زۆریانی لە ناو ئاوارەکاندا دەستگیر کردووە، بەشێکیشیانی لە ڕێگای هەڵاتن بۆ دەرەوەی حەویجە لەناو بردووە. بەشێکیشیان کوژراون و ژن و منداڵەکانیان، خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە کردووە و بەشێک لە ژن و کچ و منداڵی چەکدارانی داعش لای هێزی پێشمەرگەیە. داعش لە حەویجە خۆی ناگرێت و پێشمەرگە تۆڵەیان لێ دەکاتەوە.''
(یەزدانپەنا) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''هیچ بریارێک نەدراوە بۆ پرسی ئازادکردنەوەی حەویجە، کە پێشمەرگە بەشداری دەکات، یان نا، بەڵام بە دڵنیایییەوە ئەمە بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانان دەبێت.''
بە پێی زانیارییەکان، 42 هەزار سەرباز و چەکداری هێزە عێراقییەکان ئامادەکارییان کردووە بۆ بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەوەی حەویجە.
(یەزدانپەنا) گوتیشی: ''سێ قۆڵی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، تا ئێستا هیچ بڕیارێکیش نییە، کە هێزە عێراقییەکان بتوانن لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەوە هێرش بکەنە سەر حەویجە.''
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانیی (نووری مالیکی)دا، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعشەوە داگیر کران.
kdp-
