نووری حەمەعەلی: پارتی و یەکێتیی قۆناخێکی گرینگ تێدەپەڕێنن
شاندی پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ لە هەولێر بۆ ماوەی نزیکەی سێ سەعات کۆ بوونەوە. شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی)، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێک هاتبوون لە (فازڵ میرانی)، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، (رۆژ نووری شاوەیس)، (هۆشیار زێباری)، (ئازاد بەرواری)، (رێبوار یەڵدا)، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و (دڵشاد شەهاب)، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی. شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی (مەلا بەختیار)، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، پێک هاتبوون لە (قوباد تاڵەبانی)، (سەعدی ئەحمەد پیرە)، (ئاسۆ مامەند)، (ڕزگار عەلی) و (خالید شوانی). ئامانجیش لە کۆبوونەوەکە پرسی ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان بوو.
(نووری حەمەعەلی)، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە و یەکێتی قۆناغی گرینگ لە داهاتووی کوردستاندا تێدەپەڕێنین، بەتایبەت کە ئێستا پرسی ڕیفراندۆم هەیە، دەمانەوێت لەگەڵ هێز و لایەنەکانی دیکەی کوردستان دەست لەناو دەست بخەین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسیی کوردستان و دەربازبوونی کوردستان لە قەیرانی سیاسی، ئێستاش کە کۆوبونەوەی پارتی و یەکێتی کراوە، بڕیار دراوە لەم هەفتەیەدا پەرلەمان کارا ببێتەوە. هاوبەشی لەگەڵ حزبەکانی دیکەش دەکەین بۆ ئەوەی کوردستان لەم قۆناغە مێژووییەشدا سەرکەوتوو بێت، لەکاتێکدا ئێمە کارمان بۆ ئەوە کردووە، کە کوردستان بە ئاواتی خۆی بگات، شەهیدمان لەو پێناوەدا داوە، ناکرێت خەبات و قوربانیی گەلێک لەبەرچاو نەگیرێت، ناشکرێت، هەموومان هەست بەم بەرپرسیارەتییە مێژوویییە نەکەین.''
(نووری حەمەعەلی) گوتیشی: ''بە دڵنیایییەوە ئاراستەی کۆبوونەوەی حزبەکان بە دڵی خەڵکی کوردستانە و خەڵکی کوردستان باش دەزانن، کە بەرژەوەندیی ئەوان لە یەکگرتوویی و یەکڕیزیدایە.''
kdp-
