دڵشاد شەهاب: پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کۆک بوون..ئامادەسازی بۆ ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێ دەکرێت

 	 دڵشاد شەهاب: پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کۆک بوون..ئامادەسازی بۆ ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێ دەکرێت
ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (دڵشاد شەهاب) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شاندی پارتی و یەکێتی کۆ بوونەوە و، لە کۆبوونەوەکەدا ھەماھەنگییەکی زۆر باش ھەبوو، کۆک بوون لەسەر کۆی ئەو پرسانەی باس کران، کە گرینگترینیان ئاساییکردنەوەی پەرلەمان بوو، بۆ دەرکردنی یاسایەک بۆ پاڵپشتیی ڕیفراندۆم.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ھەردوو لایەنی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دەربارەی تەواوی پرسە گرینگەکانی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و، ئەمڕۆش ١٠-٩-٢٠١٧ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربارەی ھەمان پرس لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە.

سەبارەت بەم بابەتە، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (دڵشاد شەھاب) لە لیدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا ھاوڕا بووین لەسەر ھەموو ئەو پرس و بابەتانەی پێشتر گفتوگۆیان لەسەر دەکرا، وەک پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرسی پاڵپشتیی ڕیفراندۆم و ڕیکخستنی ھەندێک یاسای پێویست لەسەر دیراسەکردن و باشترکردنی باروگوزەرانی ژیانی خەڵک و لەسەر ھەموو ئەو پرس و خاڵانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو بنەما بۆ کۆبوونەوەکە ئامادەی کردبوون، لەگەڵ ئەوانەی کە لە بەرنامەی پارتیدا ھەبوون. ڕێککەوتنێکی زۆر باش لەسەر سەرجەمی ئەو خاڵانە ھەبوو، ئەولەوییەتیش لەناو ئەو خاڵانەدا بۆ کاراکردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەرلەمان بوو، بۆ دابینکردنی پاڵشتیی یاسایی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم و، بەگشتی کۆدەنگییەکی تەواو لە نێوان ھەردوولایەندا ھەبوو، کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیش لە نێوان ھەردوولادا بەردەوام دەبن.''

شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی)، پێک ھاتبوون لە (فازڵ میرانی)، (ڕۆژ نووری شاوەیس)، (ھۆشیار زێباری)، (ئازاد بەرواری)، (ڕێبوار یەڵدا) و (دڵشاد شەھاب). شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی (مەلا بەختیار) پێک ھاتبوون لە (قوباد تاڵەبانی)، (سەعدی ئەحمەد پیرە)، (ئاسۆ مامەند)، (ڕزگار عەلی) و (خالید شوانی).

(شەھاب) گوتیشی: ''ئامادەسازی بۆ ڕێکخستنی ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێ لە نێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەکرێت و لەمەودوا بە میکانیزمی ئەو ڕێککەوتنە نوێیە لە کۆی پرسە گرینگەکانی ھەرێمی کوردستاندا ھاوکاری یەک دەبین.''
kdp-
Top