سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە
کەمێک لەمەوبەر (یەکشەممە 10/9/2017)، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕای گەیاند: ”گەلی كوردستان ئەزموونێكی سەدساڵەی پڕ لە نەهامەتی لەگەڵ حكوومەتەكانی عێراقیدا تێپەڕاندووە. لەم سەد ساڵەدا شەراكەت جێبەجێ نەكرا و گەلی كوردستان تووشی ئەنفال و كیمیاباران بوو. لەپێناو گەیشتن بە ئاشتی و دووركەوتنەوە لە شەڕ و گرفتی زیاتر، گەلی كوردستان، بڕیاری داوە ڕیفراندۆم بكات و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت“.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەو هەنگاوە، مافێكی سرووشتی و ڕەوای خەڵكی كوردستانە و ناكۆك نییە لەگەڵ هیچ بنەمایەكی ئاسمانی و ئینسانی. بۆیە ”جێبەجێكردنی ئەو مافە بە هیچ شێوەیەك بە مانای دژایەتیكردن هیچ پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئایینیی گەلی عێراقی نییە، بەڵكو ئەوە دانانی بنەمایەكی پتەوە بۆ ڕێگەگرتن لە تێكدانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و گەلی عێراق“.
سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە داوە کە هەر جۆرە لێدوان و هەڵسوكەوتێك كە بۆنی دژایەتیكردنی برایەتی و پێكەوەژیانی لێ بێت، ”هیچ پەیوەندییەكی بە بەها بەرزەكانی گەلەكەمان و سیاسەتی هەرێمەوە نییە و زۆر دوورە لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبووردەیی گەلی كوردستان“.
دووپاتیشی کردووەتەوە کە ڕیفراندۆم بە هیچ شێوەیەك كار ناكاتە سەر بەردەوامیی دۆستایەتی و برایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی عێراق، بەڵكو قووڵتر و پتەوتری دەكات. دەشڵێت: “ئێمە دەزانین كە گەلانی عێراقیش قوربانی دەستی ڕژێمە دیكتاتۆرەكان بوونە و لەگەڵ گەلی كوردستان لە یەك سەنگەردا بوونە”.
هەر لەو پەیامەیدا سەرۆک بارزانی داوای لە خەڵکی کوردستان کردووە: “لە كاتی دەربڕین لە ئیرادە و مافەكانیان ڕەچاوی بەها بەرزەكانی گەلەكەمان و فەرهەنگی برایەتی و پێكەوەژیانی مێژوویی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بكەن. خوشك و برایانمان لە عێراق دەبێ بزانن كە گەلی كوردستان هۆكاری تێكدانی یەكپارچەیی و شەراكەت و ژیانی هاوبەش لە عێراق نەبووە، بەڵكو ڕژێمە ستەمكارەكان و حكوومەتەكانی عێراق و سیاسەتی ئینكار هۆكاری سەرەكیی تێكدانی پێكەوەیی و یەكپارچەیی بوون”.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕای گشتی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
گەلی كوردستان ئەزموونێكی سەدساڵەی پڕ لە نەهامەتی لەگەڵ حكوومەتەكانی عێراقیدا تێپەڕاندووە. لەم سەد ساڵەدا شەراكەت جێبەجێ نەكرا و گەلی كوردستان تووشی ئەنفال و كیمیاباران بوو. لەپێناو گەییشتن بە ئاشتی و دووركەوتنەوە لە شەڕ و گرفتی زیاتر گەلی كوردستان، بڕیاری داوە ڕیفراندۆم بكات و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.
ئەو هەنگاوە مافێكی سرووشتی و ڕەوای خەڵكی كوردستانە و ناكۆك نییە لەگەڵ هیچ بنەمایەكی ئاسمانی و ئینسانی. جێبەجێكردنی ئەو مافە بە هیچ شێوەیەك بە مانای دژایەتیكردن هیچ پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئایینیی گەلی عێراقی نییە، بەڵكو ئەوە دانانی بنەمایەكی پتەوە بۆ ڕێگەگرتن لە تێكدانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و گەلی عێراق.
هەر جۆرە لێدوان و هەڵسوكەوتێك كە بۆنی دژایەتیكردنی برایەتی و پێكەوەژیانی لێ بێت هیچ پەیوەندییەكی بە بەها بەرزەكانی گەلەكەمان و سیاسەتی هەرێمەوە نییە و زۆر دوورە لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبوردەیی گەلی كوردستان.
لەو كاتەی بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین، بە دڵنیاییەوە هەڵسوكەوتی ستەمكارانەی ڕژێمەكانی پێشووی عێراق لەدژی گەلی كوردستان لەگەڵ برایەتی گەلی كوردستان و گەلی عێراق تێكهەڵ ناكرێت. ڕیفراندۆمیش بە هیچ شێوەیەك كار ناكاتە سەر بەردەوامی دۆستایەتی و برایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی عێراق بەڵكو قووڵتر و پتەوتری دەكات. ئێمە دەزانین كە گەلانی عێراقیش قوربانی دەستی ڕژێمە دیكتاتۆرەكان بوونە و لەگەڵ گەلی كوردستان لە یەك سەنگەردا بوونە.
داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكەین كە لە كاتی دەربڕین لە ئیرادە و مافەكانیان ڕەچاوی بەها بەرزەكانی گەلەكەمان و فەرهەنگی برایەتی و پێكەوەژیانی مێژوویی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بكەن. خوشك و برایانمان لە عێراق دەبێ بزانن كە گەلی كوردستان هۆكاری تێكدانی یەكپارچەیی و شەراكەت و ژیانی هاوبەش لە عێراق نەبووە بەڵكو ڕژێمە ستەمكارەكان و حكوومەتەكانی عێراق و سیاسەتی ئینكار هۆكاری سەرەكیی تێكدانی پێكەوەیی و یەكپارچەیی بوون.
مسعود بارزانی
2017/9/10
باسنیوز
