لەسەر هێنانە خوارەوەی ئاڵای کوردستان هۆشداریی توند بە میلیشیایەکی حەشدی شەعبی دەدرێ

 لەسەر هێنانە خوارەوەی ئاڵای کوردستان هۆشداریی توند بە میلیشیایەکی حەشدی شەعبی دەدرێ
سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی شارەدێی مەندەلی لە سنووری پارێزگای دیالە ئاشکرای کرد، لەلایەن چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، ئاڵای کوردستان هێندراوەتە خوارەوە و سووتێندراوە. بەو هۆیەشەوە هۆشداریی توند دەدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10/9/2017، ئازاد حەمید، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی مەندەلی، بە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چەکدارانی میلیشیای عەسایبی ئەھلی حەق لەگەڵ چەند کەسێک، دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە سنووری شارەدێی مەندەلی، دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کەوتنە جوڵە و لەناو بازاڕی شارەدێیەکە، ژمارەیەک ئاڵای کوردستانیان هێنایە خوارەوە و دواتر ”سووتاندیان“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە جگە لە دژایەتیکردنیان بۆ ڕیفراندۆم، داوای دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری شارەوانیی مەندەلی و سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانییان کردووە کە هەردووکیان کوردن. دووپاتیشی کردەوە: ”بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە مەندەلی ناگۆڕدرێت و ئەم کارانە پاشگەزمان ناکاتەوە“. گوتیشی: ”دوای ڕووداوەکە، پارێزگاری دیالە و فەرماندەی پۆلیسی دیالە گەشتوونەتە مەندەلی، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو کەسانە".

لەلایەن خۆیەوە شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ڕایگەیاند، ئاڵای کوردستان لە مەندەلی داگیراوە و بەو هۆیەوە ئەوان وەزیرانی بەرگری و ناوخۆی عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێ ئەو بابەتە چارەسەر بکرێ.

هەر لەمبارەیەوە شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە ڕایگەیاند، میلیشیایەکی سەر بە حەشدی شەعبی، لە مەندەلی، ئاڵای کوردستانی هێناوەتە خوارەوە. بۆ ئەم بابەتە و هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین.

بەرپرسەکەی پارتی دووپاتی کردەوە کە حەشدی شەعبی چەند ڕۆژێکە دەستی بە جووڵانەوە و سەرپێچی کردووە و ”دەیانەوێت ئاژاوە لە ناوچەکە دروست بکەن“.

بەپێی زانیارییەکان، بە شێوەیەکی توند هۆشداری بە میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی دراوە کە نزیک بارەگاکانی سنوورەکە نەبنەوە و هەوڵی سووتاندن یان هێنانەخوارەوەی ئاڵای کوردستان نەدەن، بەپێچەوانەوە کاردانەوەکان بەرامبەریان توند دەبێت.











باسنیوز
Top