پارێزگاری ھەولێر ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 10/9/2017، نەوزاد ھادی، ئاگادارییەکی بۆ دانیشتوانی پارێزگای ھەولێر بڵاو کردەوە: "لەپێناو سەرکەوتنی پرۆسەی ڕیفراندۆم و بەڕێوەچوونی بانگەشەی جەماوەر و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و قەوارە سیاسییەکان و بەشێوەیەکی یاسایی، ڕێگە نادرێت بەھیچ شێوەیەک شەقام، ڕێگەی گشتی و پردەکان بگیرێت، ھەروەھا ڕێگە نادرێت جام و ژمارەی ئۆتۆمبێل داپۆشرێت و فەڕاڕەی ژاوەژاوی پێوە بکرێت و ببێتە مایەی جاڕزکردنی خەڵک و شێواندنی ڕەوشی ئارامی".
لە ئاگادارییەکەدا باس لەوەش کراوە، کە نابێت پۆستەر و لەزگە لە شوێنی ڕێگەپێنەدراو ھەڵبواسرێت و ھەر سەرپێچییەکیش دووچاری لێپێچینەوە دەبێتەوە.
پارێزگاری ھەولێر لە ئاگادارییەکەدا دەشڵێت: "ھیوادارین خەڵکی کوردستان، بە تایبەتیش جەماوەری پایتەخت وێڕای گەرموگوڕی و حەماسی نیشتمانی بۆ سەربەخۆیی و مافی چارەنووس، بە تەواوی پێکھاتە و ئاڕاستە سیاسییەکانییەوە، نموونەیەکی یەکجار جوان لە تەبایی، یەکدەنگی، باوەڕبەخۆبوون، پابەندبوون بە ڕێنمایی و ڕەھەندە نیشتمانییەکانەوە، ئەم پڕۆسە گرنگ و چارەنووسسازە بە سەرکەوتوویی بە ئاکام بگەیەنێت".
لە کۆبوونەوەی 2017/6/7، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیار درا ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانی عێراق، لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
