پارتی و یەکێتی بڕیاری کۆتایی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەدەن
کۆبوونەوەکە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 10/9/2017 لە هەولێر ئەنجام دەدرێت و تێێدا نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سەرۆکایەتیی شاندەکان دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، جگە لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق، شاندی باڵای پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەسەر شەش خاڵەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەکەن.
یەکێک لەو شەش خاڵە بریتییە لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، کە بەهۆی ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی نەهاتنە پێش بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، پارتی و یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی لە سێ رۆژی داهاتوودا پەرلەمانی کوردستان کارا دەکەنەوە.
چاوەڕێ دەکرێ دوای ئەو کۆبوونەوەیە، شاندی باڵای هەردوو حزب لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ ببنەوە و تێیدا دوا بڕیار لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بدەن.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، گفتوگۆکردنە لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی پاشەکەوتکردنی مووچەی مووچەخۆران و دانانی میکانیزمێکی دیکە بۆ پێدانی مووچە بە فەرمانبەر و هەموو مووچەخۆران.
بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان، نزیکەی دوو ساڵە پەرلەمانی کوردستان پەک خراوە و هیچ کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجام نەداوە.
باسنیوز
